كۆبوونەوەی نێوان مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێرداوی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان لەگەڵ حزبی سۆسیالیست كۆتایی هات و ڕای گەیاند، وەزارەتی كاروباری شەهیدان بۆ سۆسیالیستە.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی گوتی، كۆبوونەوەیەكی ئەرێنی لەگەڵ سۆسیالیست ئەنجام دراوە و بڕیار دراوە وەزارەتی كاروباری شەهیدان بدرێ بەو حزبە.
" هیوادارین پێش ئەوەی پشووی پەرلەمان دەست پێ بكات، كابینەی نوێی حكوومەت پێك بهێنین، ئەگەر كێشە و گرفتیش هاتە پێش، لەگەڵ پەرلەمان قسە دەكەین، بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی نا ئاسایی ئەنجامبدەن، یان پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە، تاكو بتوانین كابینەكە بە تەواوی پێكبێنین، بەڵام ھیوادارین كە پێش 30 حوزەیران بتوانین كابینە پێكبێنین" مەسروور بارزانی وای گوت.
سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت گوتی، لە یەكێتیمان نەبیستووە كە پۆستی پارێزگاری كەركووك ببەستنەوە بە پێكهێنانی حكوومەت، ئەركی ئێمە پێكهێنانی حكوومەتە و بابەتی كەركووك و ناوچەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەموو لایەنەكان گرنگە، ئەم بابەتە تایبەت نییە بە حزبێك.
هاوكات محەمەد حاجی مەحموود سكرتێری گشتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێ كراوە و لە نزیكترین كاتیشدا سی ڤی كاندیدی خۆیان دەدەنە دەست سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو.