عێراق سوود لە سیستەمی دارایی وڵاتان وەردەگرێ‌

:: PM:04:45:17/06/2019 ‌
جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی نێوان ژمارەیەك لە باڵوێزانی یەكێتی ئەوروپا و فەرمانگەكانی باج و گومرگ و بودجە كرد.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی حوزەیران، بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی عێراق فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری - وەزیری دارایی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی كردووە كە تیایدا باڵوێزانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا و جێگری باڵوێزی فڕەنسا لەعێراق و بەڕێوەبەری دەستەی گشتی باج و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گومرگ و بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران و راوێژكاری لیژنەی كاروباری ئابووری تیایدا ئامادە بوون.

وەك لە ڕاگەیەنراكەدا هاتووە، لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە ئاسۆی هاوكاری و ئاڵوگۆڕی شارەزایی كرا لەنێوان فەرمانگەكانی بودجە و باج و گومرگ لەو دەوڵەتانە و وەزارەتی دارایی عێراق.

جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابووری ئاماژەی بۆ گرنگی سوود وەرگرتنی دام و دەزگاكانی عێراق كرد لە شارەزاییەتەكانی وڵاتانی دۆستی یەكێتی ئەوروپا بۆ پاڵپشتنی كەرت و فەرمانگەكانی وەزارەتی دارایی لە ڕێگەی پێشكەشكردنی راوێژكاری و مەشقپێكردن و سوود وەرگرتن لە سیستەمی پێشكەوتووی ئەم وڵاتانە لەم بوارانەدا.

باڵوێزی ئەڵمانیا دووپاتی كردەوە حكوومەتی وڵاتەكەی پاڵپشتی تەواوی كار وچالاكیەكانی وەزارەت نیشان دا بەتایبەتی لەبواری بودجە و سیستەمی گومرگی و باج لەڕێگەی كاری هاوبەش لەڕێگەی رێكخراوی GIZ  ی ئەڵمانی بۆ گەشەپێدان كە بەشێوەیەكی بەردەوام لەگەڵ حكوومەتی عێراق كار دەكات.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم