زانیاری لەسەر كۆبوونەوەی مەسروور بارزانی و بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوكرایەوە

:: PM:06:46:17/06/2019 ‌
بەپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان كە بەشداری لە كۆبوونەوەی نێوان بزووتنەوەكە و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێرداو بۆ پێكهێنانی حكوومەت كردووە زانیاری لەسەر كۆبوونەوەكە ئاشكرا دەكات و ڕای دەگەیەنێت، دەست بە نووسینەوەی كارنامەی حكوومەت دەكەن.

ئەمڕۆ دووشەم 17ی حوزەیران، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێرداو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان لەگەڵ شاندێك سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و سۆسیالیست كۆبووەوە.

مەبەستی سەردانەكەی مەسروور بارزانی بۆ سلێمانی تاوتوێكردنی پێكهێنانی حكوومەت و وەرگرتنی سی ڤی كاندیدی ئەو حزبانەیە بۆ پێدانی پۆستەكانیان لە حكوومەتی داهاتوو.

ئاراس وەلی ئەندامی شاندی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا تاوتوێی دوو تەوەر كراوە، یەكەم تاوتوێكردنی كارنامەی كابینەی نوێی حكوومەت، دوەمیش پێشكەشكردنی سی ڤی كاندیدەكان بۆ پۆستەكانی حكوومەت.

بەرپرسەكەی گۆڕان بە میدیاكانی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، لیژنەیەك لە گۆڕان و یەكێتی و لایەنەكانی تر دروستكراوە بۆ نوسینەوەی كارنامەی كابینەی نوێی حكوومەت و لە نزیكترین كاتدا گۆڕان نوێنەری خۆی بۆ لیژنەكە دیاری دەكات و هەروەها كۆی ئەو رێككەوتنە سیاسییانەی لە نێوان لایەنەكان كراوە، دەبێتە كارنامەی كابینەی نوێی حكوومەت.

ئاراس وەلی گوتی، تەوەری دووەم باسكردن بوو لە پێشكەشكردنی سی ڤی كاندیدەكان بۆ پۆستەكان و دووپات كرایەوە لەوەی ئەو پڕۆسەیە بە خێرایی ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا كابینەی نوێی حكوومەت پێكبهێندرێت.

سەبارەت بە كاندیدەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكار روونی كردەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لەو ڕووەوە هیچ كێشەی نییە و ئەوەی ماوەتەوە جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری لەبارەوە بدات، پێشبینیشی كرد تا مانگی داهاتوو پڕۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت یەكلا بكرێتەوە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم