بارودۆخی نائاسایی كەركووك هەلی لە بەردەم هێزەكانی حەشدی شەعبی و چەند گرووپ و تاقمێكی تردا كردووەتەوە كە بەردەوام بۆڕییە نەوتییەكانی ئەو پارێزگایە كون بكەن و نەوتەكەی بە تاڵان ببەن. لە مانگی ڕابردوودا سێ كونكردنی بۆڕیی كۆمپانیای نەوتی باكور هەبووە.
لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر و بەجێهێشتنی كەركووك بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەلایەن یەكێتییەوە، بارودۆخی ئەو ناوچانە تێكچوون و سەرەڕای ناهەمواری ژیان و گوزەرانی كوردەكان و سووتاندنی ماڵ و موڵك و دەغڵودانیان، كونكردنی بۆڕییە نەوتییەكانی ئەو پارێزگایەش بە درێژایی دوو ساڵی ڕابردوو بەردەوام هەبووە.
مەریوان جەلال بەرپرسی مەكتەبی ڕاگەیاندنی لقی كەركووكی پارتی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو دۆخەی لە كەركووك هەیە دەرفەتی داوەتە ئەو هێز و گرووپانەی نەوت بە تاڵان دەبەن و بۆڕییەكان كون دەكەن، چونكە دەتوانن ئێستە هەر لە ناوخۆی عێراقیش ساغی بكەنەوە.
ئەوەشی گوت، "لێرەولەوێ بۆڕیی نەوتی كۆمپانیای نەوتی باكور كون دەكرێت، هەڵبەتە ئەوەیش ئاسان نییە و تەنانەت بۆ ئەو كردەوەیە میلیشیاكان شارەزا و ئەندازیاریان هێناوە كە بەشێكیان ئێرانین، ئەوان بەرپرسی گەورە لە پشتیانەوەیە و داهاتی ئەو نەوتەش ناگەڕێتەوە بۆ حكوومەت."
بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، تەنیا لە سێ مانگی ڕابردوودا پێنج كونكردنی بۆڕیی نەوت هەبووە.
"لەناو ئەو گرووپانەدا كورد هەن، نەوتە دزراوەكان تا لە سنووری كەركووك بێت، بە نموونە تانكەرەكانی نەوت، ئەوا چاودێرییان لە ئەستۆی حەشدی شەعبییە و كەی ئەو نەوتە ببرێتە سنووری سلێمانی، ئیتر دەكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی تاقمی مافیای كورد." مەریوان جەلال وای گوت.
دەسەڵاتی حكوومەتی ناوەندی و ئەو هێزە زۆرەی لە كەركووكدان، هێشتا نەیانتوانیوە دیاردەی بەقاچاخبردنی نەوت و تاڵانكردنی بنبڕ بكەن.
ئەحمەد عەسكەری سەرۆكی لیژنەی نەوت لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ـی گوت: "لە تەنیشت ئەو بۆڕییانەوە كە كونی دەكەن، عەمبار دروست دەكەن، پەككەوتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش تەواو ڕێی بۆ ئەو جۆرە قاچاخە خۆش كردووە و ناتوانین بەدواداچوون بكەین."
بەر لە ١٦ی ئۆكتۆبەر، بەشێك لە نەوتی كەركووك بە دەست كۆمپانیای كار و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە بوو و جگە لەوەی كۆنتڕۆڵی تەواو كرابوو، هاوكات مانگانە 10 ملیۆن دۆلاری پتڕۆدۆلاریش دەدرا بە كەركووك.
ئەدهەم جومعه بەرپرسی بزووتنەوەی مافی كورد لە كەركووك، پێی وایە بەرپرسیارێتیی بۆڕییە نەوتییەكان لە ئەستۆی پۆلیس و هێزە تەناهییەكانی كەركووكدایە و دەڵێت، "فەرماندەی هێزە تەناهییەكانیش لەو دۆسیەیەوە تێوەگلاون."
ئەو بۆ "وشە" گوتی، "بۆڕییەكان هەمووی كەوتوونەتە سنووری هێزە تەناهییەكانەوە، بۆیە ناكرێ بۆڕی هەیە دوو ساڵە كون كراوە و نەوتی لێ دەدزرێت، هێزە تەناهییەكان هیچ هەڵوێستێك نەنوێنن."
ئێستە ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی كەركووك لە ڕێی بۆڕیی نەوتی جەیهانەوە ڕەوانە دەكرێت و ئەو نەوتەشی بەتاڵان دەبرێت كەمتر نییە لەو ڕێژەیە.
ئازاد جەباری سەرۆكی لیژنەی تەناهیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو هێزانەی لە كەركووكن بێدەسەڵاتن، بەڵام هێزەكانی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان لەلایەن كەسانی دەستڕۆیشتوو و بەهێزەوە پشتگیری دەكرێن و بەو هێزانەی ناو كەركووك كۆنتڕۆڵ ناكرێن.
بەقاچاخبردنی نەوت لە كەركووك لە كاتێكدایە دانیشتووانەكەی لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە لەوپەڕی خراپیدان و بارودۆخی كوردەكانیش بەتایبەت خراپە و ڕووبەڕووی مەترسیی ژیان و مەرگ بوونەتەوە.
دووپاتی كردەوە، "ئەو گرووپانەی نەوت دەدزن كورد و عەرەب و توركمانیشیان تێدایە، دوای ئاشكرابوون و گرتنیان، بە هەوڵی سیاسی هەموویان ئازاد دەكرێن، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووشدا بە قاچاخبردنی نەوت زۆر زیادی كردووە."
بەدواداچوونی/ هەستی كەمال