مەسروور بارزانی: كۆبوونەوەی گرنگمان لە سلێمانی ئەنجام دا

:: PM:08:50:17/06/2019 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان توویتێكی بڵاو كردەوە و داوا دەكات پەلە بكرێت بۆ پێكهێنانی حكوومەت.

ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و سۆسیالیست كۆبووەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم 17ی حوزەیران، مەسروور بارزانی لە توویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی توویتەر بە زمانی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە، " لە سلێمانی كۆبوونەوەی گرنگمان هەبوو لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان، داوامان لێكردن پەلە بكەن لە بەجێگەیاندنی ئەركی ھاوبەشمان بۆ پێكھێنانی حكوومەتێكی گشتگیر، بەمەبەستی دابینكردنی داخوازییە رەواكانی خەڵكی كوردستان".

مەسروور بارزانی ئێستە دەستی بە پێكهێنانی حكوومەت كردووە، 30 ڕۆژی ماوەی یاسایی هەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەت و چاوەڕێ دەكرێ‌ حكوومەتێكی تۆكمە و ئەنجامدەری چاكسازی لە كوردستان دروست بكات.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم