پیشەسازیی خۆراك لە كوردستان خەریكە پێ دەگرێت

:: PM:01:07:18/06/2019 ‌
377  كارگەی تایبەت بە پیشەسازیی خۆراك لە كوردستان هەن

پێشتر لە كوردستان خۆراك هەبوو بەڵام پیشەسازیی خۆراك نەبوو، بەڵام ئێستە خەریكە ئەم كەرتەش پێ دەگرێت. سەدان كارگە بنیات نراون كە بەرهەمە خۆراكییەكانیان دەخەنە بازاڕەوە. هەرچەندە ئەو كارگانە لە قوتووبەند و دیزایندا نەیانتوانیوە ركابەریی بەرهەمی دەرەكی بكەن، بەڵام بە هەنگاوێكی گرنگ بۆ بنیاتنانی كەرتی پیشەسازیی خۆراك لە كوردستان هەژمار دەكرێت.

كوردستان گەنم و دانەوێڵەی زۆری هەیە كە لەسەر و ماڵی زیادە و ساڵانە حكوومەتی عێراق بەشێكی لێ وەردەگرێت كە دیار نییە كەی پارەكەی دەدات، بەشەكەی تر هەرزانفرۆش دەكرێت و جووتیار تەنیا ماندووبوونەكەی پێ دەبڕێت. 

قۆناغەكە ئەوە دەخوازێت پیشەسازیی خۆراكی پشتبەستوو بە گەنم لە كوردستان پێش بكەوێت، وەك چۆن نەوتی خاو پیشەسازی پێترۆكیمیایی هەڵدەسووڕێنێت، پیشەسازیی خۆراكیش بە بێ گەنم بە جووڵە ناكەوێت.

ئەگەر بە سۆپەرماركێتەكانی كوردستاندا بسووڕێیتەوە، بە دەیان كاڵای وەك بسكیت و كێك و ماكاڕۆنی و ساوەر  بەرچاو دەكەون كە مادە خاوەكەیان گەنم یان ئام ئاردە، بە هونەری بەرهەمهێنان و ئامێری پیشەسازی بۆ شێوەی خۆراكی تر دەگۆڕێن كە رۆژانە پێداویستی سەرەكی هاووڵاتییانن و هیچ خێزانێك نییە رۆژانە كڕیاری ئەو كاڵایانە نەبێت.

هەرێمی كوردستان بەو مادە خاوە دەوڵەمەندە و ئەگەر پێشتر پلانەكە ئەوەبوو پێداویستی ناوخۆ بە ئارد دابین بكرێ، ئەوا لە كوردستان زیاتر لە پێنج ساڵە سەرووی پێداویستی ناوخۆ، گەنم بەرهەم دەهێنرێت. 

بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ چەند جارێك باسیان لەوە كردووە كە ئەوان پلانی خۆیان پێكاوە و سەرووی پێداویستی گەنمیان بەرهەم هێناوە و ئەركەكە لە سەرشانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییە تا بە پیشەسازی بكات یان بەشێوەیەك ساغی بكاتەوە زیان بە جووتیاران نەكەوێت.

دكتۆر عەبدولڕەزاق عوسمان بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" رەتی كردەوە پیشەسازیی خۆراك لە هەرێمی كوردستان پێش نەكەوتبێت  و گوتی، ناكرێ بگوترێ لە هەرێمی كوردستان پیشەسازیی خۆراك نییە، بەڵام دەكرێ بگوترێ پیشەسازییەكە لە ئاستی پێویستدا نییە. 

بەپێی ئامارێك كە ئەم بەڕێوەبەرە گشتییە خستیەڕوو، لە هەرێمی كوردستان چوار هەزار و 100 كارگەی پیشەسازی هەن كە لەو ژمارەیە 377 كارگەیان تایبەتن بە پیشەسازیی خۆراك كە شەش هەزار و 200 كرێكار كاریان تێدا دەكەن و بەشێك لە پێداویستییەكانی ناوخۆ بە خۆراك دابین دەكەن. 

لە ئامارەكە دەردەكەوێت، پشكی پیشەسازیی خۆراك لە كۆی كەرتی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، 9% تێپەڕی كردووە.
وەك بەرپرسەكە ئاماژەی پێ كرد، كارگەی گەورەی دروستكردنی ماکەرۆنی و ساوەر و چبس لە كوردستان هەن كە پشت بە بەرهەمی خاوی ناوخۆ دەبەستن.

یەكێك لە گرنگترین ئەو كێشانەی بەربینگی پیشەسازی خۆراكی ناوخۆی گرتووە بە بۆچوونی عەبدولڕەزاق عوسمان بریتییە لە قوتووبەندكردن و خستنەڕوو بە دیزاینێكی زۆر جوان و پێشكەوتوو، ئەم كەموكورتییە وایكردووە هەندێك جار بەرهەمی دەرەكی لە بازاڕەكان باشتر لە هی ناوخۆ بفرۆشرێن. بۆ نموونە كارگەیەكی پاقلاوەی توركی بە دیزاینی زۆر تایبەت پاقلاوە دەخاتە ناو قوتوو یان كارتۆن، بەڵام ئەوەی كوردستان گرنگی بەو بەشە نادات و پێشكەوتنیشی پێویستی بە رۆشنبیری هەیە و دەبێ وەبەرهێنەران زیاتر گرنگی بەم بەشە بدەن.

ئەو، رەخنە لە كولتووری كۆمەڵگەیش دەگرێ كە هەموو خۆراكێك ناكڕێت. بۆ نموونە لە بازاڕی سەیداوە لە هەولێر، زیاتر بەرهەمی ناوخۆ دەفرۆشرێت، بەڵام لە ماركێتی مۆڵەكان بەرهەمی دەرەكی. جێی دڵخۆشییە كە ئێستە هەرچی چبسە لە كوردستان بەرهەم دەهێنرێت و تەنیا پاكەت و نایلۆنەكەی هاوردە دەكرێت و پشتیش بە پەتاتەی ناوخۆ دەبەسترێت. 

گرووپی كۆمپانیاكانی فلاندەرزی برۆكسێل بە تەمای وەبەرهێنانن لە كەرتی خۆراك لە هەرێمی كوردستان، وەك دكتۆر عەبدولڕەزاق خستیەڕوو لە داهاتوودا پێشبینی زیاتر بەرەوپێشچوونی ئەم كەرتە دەكرێت.

كەرتەكە لە چاو وڵاتانی تر ساوایە و كێشەی تریش هەن كە ناهێڵن بە خێرایی پێش بكەوێت. 

محەمەد جەبار بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی سلێمانی ئاماژە بە دوو هۆكاری سەرەكی دەكات كە وایكردووە لە هەرێمی كوردستان پیشەسازیی خۆراك وەك پێویست پێش نەكەوێت. 

بەگوتەی ئەو، سیاسەتی بازرگانیی گەنم لەلایەن بەغداوە دادەڕێژرێت و ئەو نرخەی بۆ كڕینەوەی گەنم دانراوە، هیچ كاتێك هاندەر نییە بۆ بەرەوپێشچوونی پیشەسازی گەنم. بۆ نموونە حكوومەتی عێراق تۆنێك گەنم بە 560 هەزار دینار دەكڕێتەوە، لە كاتێكدا نرخی تۆنێك گەنم لە بازاڕی جیهانی خۆی 230 دۆلارە. حكوومەت فەردەی ئارد بە پێنج هەزار دینار دابەش دەكات، خۆی ئەگەر خاوەن كارگەیەكی خۆراك بچێت گەنم لە بازاڕی ئازاد بە 400 هەزار دیناریش بكڕێت، هێشتا بۆ ئەو گرانە و ناتوانێ تێچووی خەرجییەكە دەربهێنێتەوە.

هۆكارێكی تر كە ئەم بەڕێوەبەرە  ئاماژەی پێ دەكات هۆكارێكە بۆ كۆی پیشەسازیی خۆراك و دەڵێت، لە كوردستان بەرهەمهێنان یان كۆمپانیا بۆ بەرهەمهێنانی جوملە نییە و هۆكارەكەش نەبوونی زەوی و رووبەری پێویستە بۆ پڕۆژەكان. زەوییەكان لە دەستی  جووتیاراندایە و نرخەكەی گرانە و كاتێك وەبەرهێنەرێك بیەوێت 20 دۆنم بكات بە كارگەیەك، ئەوا نرخی زەوییەكە لەسەری زۆر گران دەوەستێت و ناتوانێ پڕۆژەكەی لەسەر جێبەجێ بكات.
ئەو بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە بە پێویستی دەزانێ حكوومەت ئەو زەوییە كشتوكاڵییانەی بە گرێبەست بە جووتیاران دراوە و نەكراونەتە كاری كشتوكاڵی، لێیان بستێنێتەوە و بۆ پڕۆژەی گەورەی پیشەسازی بیانخاتە خزمەتی وەبەرهێنەران و تا ئەمە نەكرێت، ئەم كەرتە ناتوانێ وەك پێویست پێش بكەوێت.

*
پشكی پیشەسازیی خۆراك لە كۆی كەرتی پیشەسازی سەرووی 9%ە.
*
كۆمپانیاكانی فلاندەرزی برۆكسێل لە پیشەسازیی خۆراكی كوردستان وەبەرهێنان دەکەن.


وشە - سلێمان تاشان