كۆریای باشوور له‌ هه‌ولێر كونسوڵخانه‌ ده‌كاته‌وه‌

:: PM:02:53:04/10/2016 ‌
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، باڵیۆزخانه‌ی كۆریای باشوور ڕای گه‌یاند كه‌ ده‌یانه‌وێ ئاستی نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نووسینگه‌وه‌ بۆ كونسوڵخانه‌ به‌رز بكه‌نه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ سه‌لاحه‌دین، له‌گه‌ڵ  "سۆنگ ڤوونگ یوب" باڵیۆزی نوێی كوریای باشوور لە عێراق و شاندی یاوه‌ری كۆبوونه‌ته‌وه‌ و تێیدا بارزانییان له‌وه‌ ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كە كۆریای باشوور بەنیازە ئاستی نوێنەرایەتیی خۆی لە شاری هەولێر لە نووسینگەی باڵیۆزخانە بۆ كونسوڵخانە بەرز بكاتەوە و وێڕای ئاماژەدان بە توانا ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەیی وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ قووڵتركردنی پێوەندییەكان و كار و پڕۆژەی هاوبەش.

وه‌ك له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لە دیدارەكەدا باڵیۆزی كوریای باشوور لە عێراق بەناوی گەل و حكوومەتی كوریای باشوور سوپاسی قوربانیدان و خۆڕاگری گەلی كوردستان و پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و پیرۆزباییشی لە بارزانی كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستاندا بەدەستیانهێناوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە لەوە دڵنیان گەلی كوردستان لەژێر سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی بەسەر ئاستەنگەكاندا سەردەكەوێت. لەدرێژەی قسەكانیدا سەردانی چەند ڕۆژ پێشی سەرۆك بارزانیی بۆ بەغدا بە گرنگ و مێژوویی وەسف كرد و هیوای خواست كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێت.

لەبەرانبەردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی كۆریای باشوور خواست و ئاماژەی بە كار و چالاكییەكانی فرقەی زەیتونی كوریای باشووردا و وەك پردێكی بەهێزی پەیوەندیی نێوان كوردستان و كوریای لەقەڵەمدا.
بارزانی هەروەها ئەوەیشی بۆ شاندی میوان خستەوه‌ته‌ ڕوو كە گەلی كوردستان ڕێزێكی تایبەتی بۆ گەلی كوریای باشوور هەیە و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

هەر لەم دیدارەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهانی و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا.

وشه‌/ كوردۆ شابان


وشە - كوردۆ شابان