بنه‌ماڵه‌ی سێوان قادر باس له‌وه ده‌كه‌ن كه به‌هیچ جۆرێك ئاماده‌ی
سوڵحی عه‌شایه‌ری نین له‌به‌رامبه‌ر سوتان و بێتاوانی سێوان و منداڵه‌كانی و مامی
سێوانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، سوڵحی عه‌شایه‌ری ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه بۆ ئەوەی ببێته نەریتێک
تا له تاوانه‌كاندا تاوانبار به سزای خۆت بگات.
له‌سه‌ر پرسی سوتانی سێوان قادر‌و سێ منداڵه‌كه‌ی بنه‌ماڵه‌ی سێوان نیگه‌رانن
له‌وه‌ی كه باس له رێكه‌وتن و سوڵحی عه‌شایه‌ری ده‌كرێت له نێوان ئه‌وان و بنه‌ماڵه‌ی
تاوانبار كه ده‌ستی هه‌بووه له سوتانی سێوان قادر، ئه‌وان ده‌ڵێن، ئه‌و فرمێسكانه‌ی
هه‌موو هاووڵاتییانی کوردستان بۆ مه‌رگی سێوان و منداڵه‌كانی ڕشتیان به سوڵحی عه‌شایه‌ری
نایانسڕین و ده‌بێت به سزاگه‌یاندنی بكه‌ری تاوانه‌كه هاووڵاتییان ئاسوده بكات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 18ی حوزه‌یران شه‌فیق نوری، مامی سێوان قادر به
"وشه"ی راگه‌یاند، هه‌زاران جاران كه‌سوكاری خۆمان و هه‌موو هاووڵاتییان
دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سوڵحی عه‌شایه‌ری له ئارادا نییه و هه‌موو
گۆی زه‌وی بكرێته ئه‌ڵماس لای لێ ناكه‌ینه‌وه و دەبێ ئه‌م پرسه‌ی ئێمه ده‌ری
بخات داوده‌زگای ئێمه ئه‌گه‌ر سوڵحی عه‌شایه‌ری له‌پشته‌وه نه‌بێت ده‌بێ به كوێ
بگات.
زیاتر روونی دەکاتەوە، مه‌به‌ستمانه دادگا و یاسا پرسهكهیهكلایی بكاته‌وه له‌سه‌ر
ئه‌و به‌ڵگانه‌ی كه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ك ڕۆحی سێوان ئاسوده بێت له لایه‌كی
تر ئه‌وه بسلمێنین حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و داوده‌زگاكان و دادوه‌ره‌كان
تاچه‌ند مافی هاووڵاتی وه‌رده‌گرن ئه‌گه‌ر هاووڵاتیه‌كه خۆی كه‌یسه‌كه‌ی به‌لاڕێدا
نه‌بات.
"سوڵحی عه‌شایه‌ری هه‌موو شتێك به‌لاڕێدا ده‌بات، هه‌ق ده‌كات
به ناهه‌ق و ناهه‌ق ده‌كات به هه‌ق و تاوانبار بێ تاوان ده‌كات و عورفێكی ناشیرینه،
نامانه‌وێ كه‌یسه‌كه‌ی خۆمان به ده‌ستی خۆمان به‌لاڕێدا ببه‌ین و ئه‌و هه‌ست و سۆز
و خۆشه‌ویستییه‌ی كه هه‌موو هاووڵاتییان بۆ سێوان هه‌یانبوو ئه‌و فرمێسكانه‌ی كه
له چاوی خه‌ڵك هاتنە خوار، به سوڵحی عه‌شایه‌ری بیسڕینه‌وه" مامی سێوان وای
گوت.
دووپاتی دەکاتەوە، ده‌مانه‌وێت هاووڵاتییان ئاسوده بكه‌ین به‌و یاسایه‌ی
له‌سه‌ر تاوانبار ده‌رده‌كرێت و سزاده‌درێت، حكوومه‌ت و لایه‌نی پێوه‌ندیدار ده‌خه‌ینه
به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تی له‌وه‌ی كه ئێمه سوڵحی عه‌شایه‌ری ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه
و به ئامانجی ئه‌وه‌ی یاسا مافمان وه‌رگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته نمونه و خه‌ڵك
واز له سوڵحی عه‌شایه‌ری بهێنێت، بۆیە ئێستاش وه‌ك یه‌كه‌م رۆژ سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی
تاوانبار به سزای خۆی بگات.
له باره‌ی پرسی دادگایكردنی كه‌یسه‌كه دوپاتی كرده‌وه، دادگایی
كردنی ئه‌و پرسه زۆری نه‌ماوه و دادگای لێكۆڵینه‌وه كاره‌كانی ته‌واو كردووه و
ره‌وانه‌ی دادگای تاوانەکان ده‌كرێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی