دۆخی ئێران بە هۆی سزاكانی ئەمەریكا زۆر شێواوە و وەزیری نەوتی ئێرانیش ددان بەوەدا دەنێت لەو سەردەمە زۆر خراپترە كە لەگەڵ عێراق بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەجەنگدا بوو، چونكە ئەوكات دەیتوانی نەوت بفرۆشێت، كەچی ئێستە ئەم رێیەی لێ گیراوە.
بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران ئاشكرای كرد، لە دوای سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا لە دژی وڵاتەكەی ناتوانن بە ناوی ئێران نەوت هەناردە بكەن.
ئەو دەڵێت "دۆخی ئێستەی ئێران لە دۆخی سەردەمی جەنگی عێراق خراپترە، چونكە ئەوكات ئێران هیچ كێشەیەكی هەناردەكردنی نەوتی نەبوو و سەدام حوسێن تەنیا هێرشی دەكردە سەر دامەزراوەكان، بەڵام ئێستە بەم شێوەیە نییە."
لەدوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی قۆناغ بە قۆناغ سزای قورستر بەسەر ئێراندا سەپێنراوە و دوایین سزاكانیش بۆ سەر كەرتی پێترۆكیمیایی ئێران بووە، ئەمەریكا دەیەوێت لەم رێیەوە هەناسەی ئابووری ئێران بە تەواوی بگرێت.
بەر لە دەستپێكردنی سزاكان، ئێران نزیكەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، بەڵام ئێستە بۆ خوارووی ملیۆنێك و بە پێی هەندێك سەرچاوەش بۆ خوارووی نیو ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.
بەگوێرەی "
بی بی سی" وەزیری نەوتی ئێرانی باس لەوەش دەكات كە دۆخەكە زۆر سەختە، چونكە خەڵك دووكەڵ و ئاگر و خوێن نابینێت كەمتر هەست بە خراپیی دۆخەكە دەكات.
پێویستە بگوترێت حكوومەتی ئێران بە تەواوی پێویستی بە فرۆشتنی نەوت هەیە و چەرخی ئابووری ئێران بە بێ پارەی نەوت هەڵناسووڕێت. ئێران هەوڵ دەدات بە شێوەی نافەرمی و بە ناوی جیاواز نەوتەكەی هەناردە بكات، بەڵام لەو رووەوە تووشی كێشە بووەتەوە.