بانكی جیهانیی: پڕۆژەی رێی بازرگانیی چین یارمەتی ئابووری وڵاتان دەدات

:: PM:04:32:19/06/2019 ‌

بانكی جیهانیی ئاشكرای كرد پڕۆژەی ستراتیجیی رێی بازرگانیی كە چین دەستی پێ كردووە دەتوانێ كاریگەریی بۆ سەر پێشخستنی ئابووری وڵاتان و كەمكردنەوەی رێژەی هەژاریی هەبێت.

بانكەكە داوای لە چین كردووە تا چاكسازی ئابووری گەورەتر ئەنجام بدات و لەسەر ئەو پڕۆژانەشی شەفاف بێت و زانیاری زیاتر بە ناوەندە ئابوورییەكان بدات.

بەپێی راپۆرتی بانكەكە ئەگەر پڕۆژەكەی چین تەواو بكرێت، لانی كەم 32 ملیۆن كەس لە دنیا لە هەژاریی رزگارییان دەبێت. پڕۆژەكە دامەزراندنی كۆمەڵێك بەندەر، رێی ئاسن و ئۆتۆبان لە خۆ دەگرێت كە بە هۆیانەوە باشووری ئاسیا بە ئاسیای ناوەراست و پاشان بە ئەوروپا گرێ دەدرێن.

داوا لە چین كراوە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی رەچاوی دۆخی ژینگە و رەهەندە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی تر بكات، چونكە هەندێك وڵات بەهۆی پڕۆژەكە لەوانەیە قەرزێكی زۆریان لەسەر كەڵەكە بێت.

پێویستە بگوتریت چین لەو وڵاتانەیە كە لە دوو دەیەی رابردوو بە شێوەیەكی خێرا گەشەی سەندووە و توانیویەتی وەك زلهێزێكی ئابووری كاریگەریی لەسەر هەموو دنیا بهێنێتە كایەوە.



وشە - سلێمان تاشان