ئەپڵ تاوتوێ جێهێشتنی چین دەكات

:: PM:09:26:19/06/2019 ‌
بەهۆی خستنە لیستی رەشی هواوی لەلایەن ئیدارەی كۆشكی سپی ئەمەریكی، كۆمپانیای ئەپڵ كە بەرهەمەكانی لە كارگەكانی چین دروست دەكرێت بیر لە جێهێشتنی ئەو وڵاتە دەكاتەوە لە ترسی تۆڵە سەندنەوە، لە ئێستەشدا تاوتوێی بردنە دەرەوەی 30%ی بەرهەمەكانی دەكات لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.

ئەمڕۆ چوارشەم 19ی حوزەیران، كۆمپانیای ئەپڵ رای گەیاند، تاوتوێی گواستنەوەی بەرهەمهێنانی 30%ی بەرهەمەكانی دەكات لە چین بۆ وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا.
بەگوێرەی راپۆرتێكی نیكی ئاشیان ریڤیو، كۆمپانیای ئەپڵ داوای لە هەردوو كۆمپانیای هاوردەكاری بەرهەم بۆ كۆمپانیای ئەپڵ كردووە، راپۆرتێك لەسەر لێكەوتەكانی گواستنەوەی بەرهەمهێنانی 15% بۆ 30%ی بەرهەمەكانی بۆ دەرەوەی چین بكات.

پاڵنەری سەرەكی گواستنەوەی بەرهەمهێنان لە چین بۆ وڵاتانی تری باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا لەلایەن كۆمپانیای ئەپڵ دەگەڕێتەوە بۆ خستنە لیستی رەشی كۆمپانیای هواوی چینی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك بەشێك لە ململانێی و تەنگژەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش وایكردووە بەرهەمهێنەری ئایفۆن هەست بە مەترسی بكات لە مانەوەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی مۆبایلەكانی لە چین.

ئەو ترسە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە بەپێی ئاژانسی فیتچ بۆ پۆڵینی گەشەسەندنی كۆمپانیاكان، پێشبینی كردووە هەریەكە لە كۆمپانیاكانی ئەپڵ و دێڵ و ئێچ پی، ئەگەری زۆرە لەلایەن چین بخرێنە لیستی رەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ خستنە لیستی رەشی هواوی لەلایەن واشنتن.

كۆمپانیای ئەپڵ داوای لە كارگەكانی بەستنی ئایفۆن، فۆكسكۆن، پیگاترون گروپ، ویسترۆن گروپ، دروستكەری كۆمپیۆتەری ماك بووك، كوانتا بۆ كۆمپیوتەر، دروستكەری ئایپادی كۆمیال ئەلكترۆنیسك، دروستكەری ئایەربوودز، ئینفنیتیك گروپ، ولكس شێر- ئەی تی سی و جۆرتیك كردووە كە هەڵسەنگاندنی خۆیان نیشان بدەن لە بارەی گواستنەوەی بەرهەمهێنان لە دەرەوەی چین. 

بەگوێرەی راپۆرتەكەی نیكی، ئەوا هیندستان و ڤێتنام دوو باشترین وڵاتن كە جێگەی چین بگرنەوە لە دروستكردنی بەرهەمەكانی كۆمپانیای ئەپڵ، ئەگەرچی مەكسیك و ئیندۆنیزیا و مالیزیاش لەو وڵاتانەن كە كۆمپانیایەكە دەیەوێت هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات.


وشە - فه‌رمان سادق