له كارێكی نوێی هونه‌ریدا بۆ پشتیوانیكردن له خه‌بات و قوربانی و شه‌ونخوونی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هونه‌ری شانۆی هه‌ولێر به‌رهه‌مێكی نوێ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ناوی "پانۆرامای پێشمه‌رگه" .
هیوا سوعاد به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆی هه‌ولێر كه هاوكات كاری نووسین و ده‌رهێنانی بۆ شانۆكه كردووه به "وشه"ی راگه‌یاند، "پانۆرامای پێشمه‌رگه" ناوی نوێترین به‌رهه‌می هونه‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یانه بۆ پشتیوانیكردن له خه‌بات و قوربانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه شه‌و و ڕۆژ له پێناو خاكی كوردستان دژی تیرۆریستانی داعش جه‌نگاوه و سه‌ركه‌وتنیان تۆمار كردووه.
به‌گوته‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره، به‌رهه‌مه‌كه به‌شێوازی تێكه‌ڵكێشه له شانۆ، سینه‌ما و گۆرانی و چیرۆكه‌كه‌شی باس له قاره‌مانێتی و نه‌به‌ردی پێشمه‌رگه و گه‌یشتن به ئامانجه‌كانیان ده‌كات .
جێگه‌ی باسه چه‌ندان ئه‌كته‌ری ناسراوی شاری هه‌ولێر له شانۆكه‌دا به‌شدارن و رۆڵه‌كان به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد به‌رهه‌مه‌كه ئێسته له قۆناغی مۆنتاجدایه و له‌لایه‌ن زه‌كه‌ریا ره‌زا وێنه‌گرتنی بۆ كراوه و هه‌ریه‌ك له شاهین نه‌جمه‌دین و سه‌لام باپیر مۆنتاجی بۆ ده‌كه‌ن. دوای ته‌واوبوونی سه‌رجه‌م كاره‌كانیش له داهاتوویه‌كی نزیكدا نمایش ده‌كرێت.
هه‌ولێر/ شاخه‌وان شێخانی