نرخی نەوت هەڵكشا

:: AM:09:57:20/06/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كرد و نزیكەی دۆلارێك لە نرخی هەر بەرمیلێكی هەڵكشا.

ئەمڕۆ پێنجشەم نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت لە 62 دۆلار و 38 سەنتەوە بەرز بووەتەوە بۆ 63 دۆلار و 47 سەنت، هاوكات نرخی نەوتی wti یان تەكساس لە 54 دۆلار و 37 سەنتەوە بۆ 55 دۆلار و 55 سەنت هەڵكشاوە.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی برێنت دوێنێ چوارشەم كەمێك دابەزی، بەڵام نەوتی ئەمەریكی هەڵكشابوو و سێیەم رۆژی لەدوای یەكە روو لە هەڵكشان دەكات.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ نوێترین ئاماری نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە كە بە پێچەوانەی پێشبینییەكان بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە. 

پێشبینییەكە ئەوە بوو نەوتەكە لە ماوەی هەفتەیەكدا یەك ملیۆن بەرمیل كەم ببێتەوە، بەڵام سەرووی سێ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.

ئاڵۆزییەكانی ناوچەی كەنداو و هێرشكردنە سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان و بەردەوامبوونی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و ڤەنزوێلا لە هەفتەكانی رابردوو نرخی نەوتیان بەرز كردووەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان