فەیسبووك دراوێكی نوێ دەخاتە بازاڕەوە

:: AM:10:59:20/06/2019 ‌
كۆمپانیای فەیسبووك جۆرە دراوێكی نوێی ئەلیكترۆنی بەرهەم هێناوە و دەیەوێ لەم رێیەوە هەنگاوی گەورە لە بواری خزمەتگوزاری دارایی لە ئاستی دنیا پێشكەش بكات. 

جۆری ئەو دراوە نوێیەی فەیسبووك بە "libra" ناسراوە و فەیسبووك بۆ ناساندنی دراوەكە بڵاوی كردووەتەوە، "ئێمە دڵنیاین كە دنیا پێویستی بە دراوێكی دیجیتاڵی یان ئەلیكترۆنی هەیە كە جێی متمانە بێت و ئاستی هەڵاوسانی زۆر كەم بێت و هەموو كەسێك كاری پێ بكات."

فەیسبووك ئامانج لەم كارەی بۆ دامەزراندنی ژێرخانێكی دارایی دنیا گەڕاندووەتەوە كە بۆ ملیاران كەس بەسوود بێت و بە ئاسانی دەستی پێ بگات.

بەگوێرەی "رادیۆ فڕەنسا" بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە لیبرا بێتە بازاڕەوە و كاری پێ بكرێت. برۆنۆ لۆمێر وەزیری دارایی فڕەنسا گوتوویەتی نابێت فەیسبووك ئەم جۆرە دراوە زاڵ بكات. ئەو نیگەرانە لەوەی لە دنیای ئەلیكترۆنیدا دراوەكە هەمان هێزی هەبێت كە دۆلار لە دنیای دارایی ئاسایی دەیگێڕێت.

پێویستە بگوترێت ژمارەی جۆرەكانی دراوی ئەلیكترۆنی لە دنیا زۆرە و رۆژ بە رۆژ زیاد دەكات، لە گرینگترینیان بیتكۆینە كە بە پێچەوانەی دراوی ئاسایی بەربەستەكانی كارپێكردنی كەمترە و بەشێكی زۆر لە بازرگانییە نایاساییەكان و كڕین و فرۆشتنی چەك بەم جۆرە دراوە دەكرێت.




وشە - سلێمان تاشان