بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتووو بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری هەولێر نۆژەن بكرێتەوە و بودجەی پێویستیشی بۆ دانراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی حوزەیران، كرمانج دەشتەكی گوتەبێژی شارەوانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بڕیار بوو پێش جەژن دەست بكرێت بە نۆژەنكردنەوەی بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری، بەڵام بەهۆی نەكردنەوەی شەقامی 120 مەتری دواخرا تا هاووڵاتییان تووشی جەنجاڵیی زۆری هاتوچۆ نەبن.
گوتەبێژی شارەوانی هەولێر گوتی، نزیكەی 850 ملیۆن دینار لە داهاتی شارەوانی بۆ نۆژەنكردنەوە بەشێكی تری شەقامی 100 مەتری دیاری كراوە كە ئێستە تەنیا ڕێكارە كارگێڕییەكانی ماوە، بەزووترین كات دەست دەكرێت بەو بەشە لە ترافیكی بەنزینخانەی ئاكار بۆ بەردەم نەخۆشخانەی ڕزگاری نۆژەن دەكرێتەوە.
باسی لەوەش كرد، سێ بەش لە شەقامی 100 مەتری نۆژەن كراوەتەوە و ئەو بەشەش دەچێتە بواری جێبەجێكردن.
پێش جەژن شەقامی 100 مەتری هەولێر بەشێكی نۆژەن كرایەوە، بڕیارە ئەو بەشەی ماوە دەست بكرێت بە نۆژەنكردنەوەی.