بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە ئێران بە رێژەی 42% دابەزی

:: PM:12:52:20/06/2019 ‌

لە ژێر كاریگەریی سزاكانی ئەمەریكا سەرجەم كەرتەكانی بەرهەمهێنان لە ئێران كاریگەریی نەرێنییان وەرگرتووە و كەرتی ئۆتۆمبێلسازی ئەو وڵاتەش لە پاشەكشەدایە.

بەگوێرەی "ئیرنا"  نوێترین ئاماری وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی ئێران دەری دەخات لە دوو مانگی رابردوودا 121 هەزار و 400 ئۆتۆمبێلی بچووك لە ئێران بەرهەم هاتووە و بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو نزیكەی 42%  دابەزیوە. بەگوێرەی "ئیرنا"  لە دوو مانگی یەكەمی بەهاری ساڵی رابردوو 208 هەزار و 800 ئۆتۆمبێل لە ئێران بەرهەم هاتبوون.

هاوكات بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی جۆری پیكابیش دابەزیوە و لەو دوو مانگەدا هەشت هەزار پیكاب بەرهەم هاتووە، لە كاتێكدا  لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو نۆ هەزار و 900 پیكاب "وانێت" بەرهەم هاتبوو. ئەمەش دەری دەخات رێژەی دابەزین نزیكەی 20% بووە.

لە ئێران تەنیا بەرهەمهێنانی تراكتۆر زیادی كردووە كە رێژەكەی 26% بووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو گەیشتووەتە دوو هەزار و 643 تراكتۆر.

گرنگترین هۆكاری پاشەكشەی پیشەسازی لە ئێران بۆ سزاكانی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە و سەرجەم كەرتەكانی ئابووری خستووەتە ژێر كاریگەرییە نەرێنییەوە.



وشە - سلێمان تاشان