رۆژی 20ی حوزیران بە رۆژی جیهانی پەنابەران دیاری كراوە، لە پاش روخانی رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 2003 تا ئێستا لە هەندێك ناوچەی كوردستان سەدان پەنابەری كوردی رۆژهەڵات لە دۆخێكی خراپدان و چاوەڕوانی ئەوەن بچنە وڵاتی سێیەم.
ئەمڕۆ پێنج شەمە 20ی حوزیران، بێستون ژاڵەیی بەرپرسی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان بە "وشە" راگەیاند، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان "500" پەنابەری كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان هەیە ، ئەمانە لە ساڵی 1979 هاتونەتە عێراق و لە كەمپی ئەڵتاش لە سنووری پارێزگای ئەنبار "روومادی" نیشتەجێ بوون و لەپاش رووخانی رژێمی بەعسەوە هاتونەتە سنوری ئیدارەی گەرمیان و لە كەمپی شێرەوەن نیشتەجێن لە نێوان شارۆكەكانی كەلار و خانەقین.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ناوی تەواوی ئەو پەنابەرانە لەلایەن كۆمسیاری باڵای پەنابەرانەوە تۆمار كراون و لە چاوەڕوانی گواستنەوەدان بۆ وڵاتی سێیەم كە مەبەست لێی رۆژئاوایە.
"وەك بەرێوەبەرایەتی كاروباری مرۆیی لە ئیدارەی گەرمیان و نووسینگەی هاوبەشی قەیرانەكان، سەر پەرشتی دۆسیە مرۆییەكان دەکەین بۆ گواستنەوەیان بۆ وڵاتی سێەم ،هاوكات ئەگەر كێشەیەكیان هەبێ لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا لەسەر خەت دەبین" بێستون ژاڵەیی وای گوت.
شلێر محەمەد، یەكێك لەپەنابەرانی كوردانی رۆژهەڵات بۆ "وشە" ئاماژەیدا، لە چاوەڕوانی چوونە ئەوروپادا ماوەی 40 ساڵە دەیان پەنابەری كوردی رۆژهەڵات سەریان ناوەتەوە و كۆچی دواییان كردوە .
بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" جگە لە خەمی بێ كۆتایی كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ل سەر ئاستی نێودەوڵەتیش كە ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە، ملیۆنان پەنابەر لە دۆخی مەرگەسات و زەحمەتییەكی زۆردا دەژین و بێبەشن لە هەموو مافەكانی مرۆڤ، بەتایبەت ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتانی توركیا، یۆنان، دورگەكانی ئوسترالیا، بۆسنیا و ئێران-دا گیرساونەتەوە، ئەوەش بەتایبەتیتر منداڵانی ڕووبەڕووی سەختی ژیان كردووەتەوە، كە بەبێ خواستی خۆیان كۆچبەر بوون.
گەرمیان / سەبری هۆرێنی