پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات، بەیانی ئەمڕۆ گەنجێكی 20 ساڵان لە یەكێك لە ئاوەكانی سنووری ڕاپەڕیت خنكا و تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی حوزەیران، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێك هێنرایە نەخۆشخانەی شەهید ئەحمەد ئیسماعیل لە چوارقوڕنە بەناوی "ه. م" تەمەن ٢٠ساڵ كە بە هۆی مەلەكردن لە ناو ئاوی ڕووباری قەرەنیاغا لە گوندی قەرەنیاغا سەربە شارەدێی چوارقوڕنە گیانی لە دەست داوە.
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، ئەوگەنجە كە خێزاندارە و خاوەنی یەك منداڵە، تەرمەكەی گواسترایەوە بۆ پزیشكی دادوەری ڕانیە و دوای ئەنجامدانی توێكاری بۆ تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە. پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردوامە.
ڕێبوار تەڵعەت شایەتحاڵێكی ڕووداوەكەیە گوتی، دوای ئەوەی ئەو كەسە بزنەكانی بردە سەر رووبارەكە، بزنێكی كەوتووەتە گۆمەكەوە و لەكاتی هەوڵی رزگاركردنیدا خۆی خنكا هەرچەندە مەلەشی دەزانی.