ترەمپ بەڵێنی زاڵبوون بەسەر نەخۆشیی شێرپەنجە و ئایدز دەدات

:: PM:01:47:20/06/2019 ‌
وەك هەوڵێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی جۆ بایدن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بەڵێنی زاڵبوون بەسەر نەخۆشیی شێرپەنجە و ئایدز دەدات و دەیكات بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2020.

ترەمپ لە دەستپێكی بە فەرمی راگەیاندنی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ویلایەتی فلۆریدا بەڵێنی سەركەوتن و چارەسەركردنی دوو لە مەترسیدارترین نەخۆشی راگەیاند كە ساڵانە سەدان هەزار كەس بەهۆیەوە گیان لە دەست دەدەن.

لە بەردەم جەماوەرێكی زۆری حزبەكەی، سەرۆك كۆماری ئەمەریكا گوتی "ئیدارەكەم كار لەسەر چارەسەری شێرپەنجە دەكات، بەڵێنیش دەدەم بەسەر ئایدزیش سەركەوم ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرامەوە".
 
ترەمپی 73 ساڵان، لە كاتی قسەكردن بۆ جەماوەرەكەی لە فلۆریدا چەند جارێك دووپاتی كردەوە كە چارەسەری زۆر لە كێشەكان دەكەن، لەوانە زۆر لە نەخۆشییەكان لەوانە شێرپەنجە، گوتی "ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵین و لە چارەسەر نزیك بووینەتەوە".

قسەكانی ترەمپ لە كاتێكدایە جۆ بایدن دیارترین ركابەری ترەمپ لە كاندیدەكانی دیموكراتەكان، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەڵێنی دا ئەگەر بكرێتە سەرۆكی ئەمەریكا ئەوا چارەسەری ریشەیی نەخۆشیی شێرپەنجە دەكات.

بایدن 76 ساڵان، لە حكوومەتەكەی باراك ئۆباما جێگری سەرۆك بوو، هاوكات سەرۆكی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەش بوو لە كۆشكی سپی كە دوای لە دەستدانی كچەكەی بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە، وای لە بایدن كرد گرنگی پێ بدات.


وشە - فه‌رمان سادق