فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی هەواڵگریی سوپای ئەمەریكا كە ئەمڕۆ لە ئاسمانی كەنداو لە لایەن ئێرانەوە خرایە خوارەوە، لە جۆری گلۆبال هاوك بوو و لە لایەن كۆمپانیای نورسروب گروومەنی ئەمەریكا بە ناوی RQ-4 بەرهەم هاتووە.
فڕۆكەكە خراوەتە خزمەتی سوپای ئەمەریكا و هێزی دەریاوانی ئەم وڵاتە و بە یەكێك لە پێشكەوتووترین فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكان بۆ بواری هەواڵگری هەژمار دەكرێت.
ئەم فڕۆكەیە دەتوانێ 22 هەزار كیلۆمەتر بفڕێت و لە هەموو دۆخێكی كەشوهەوادا دەتوانێ لە ئاسماندا بمێنێتەوە و درێژە بە چالاكییەكانی بدات.
فڕۆكەكە دەتوانێ 32 سەعات لە ئاسمان بسووڕێتەوە بێ ئەوەی پێویستی بە هیچ سووتەمەنییەكی تر هەبێت و دەشتوانێ 18 كیلۆمەتر لە زەوی بەرز ببێتەوە.
فڕۆكەكە خاوەنی كۆمەڵێك كامێرای پێشكەوتووە كە دەتوانێ نەخشەی رووبەری 100 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە و زانیاری ورد بە خێرایی 50 مێگابایت لە چركە، لە ماوەی یەك رۆژدا رەوانەی زەوی بكات.
كێشی فڕۆكەكە لە كاتی هەستان لە زەوی سەرووی 14 تۆنە و دەتوانێ تۆنێك و 360 كیلۆ شتومەك لەگەڵ خۆی هەڵبگرێت.
بەگوێرەی "
شەفەقنا" لاشەی فڕۆكەكە لە ئەلەمنیۆم دروست كراوە . گلۆبال هاوك بە چەكێكی گرانبەهای سوپای ئەمەریكا هەژمار دەكرێت و نرخی هەر یەك لەم فڕۆكانە سەرووی 220 ملیۆن دۆلارە. درێژیی فڕۆكەكە 14 مەتر و نیوە و درێژیی باڵی فڕۆكەكەش 39 مەترە.
پێویستە بگوترێت فڕۆكەكە لە لایەن ئێران خراوەتە خوارەوە و ئێران بە فەرمی ئەوەی راگەیاندووە و گوتوویەتی ئاسمانی وڵاتەكەی بەزاندووە و ئەمەریكاش گوتوویەتی لە ئاسمانی ئێران نەكراوەتە ئامانج.