ئامێدی.. تیمەكانی بەرگری شارستانی بەدوای تەرمەكەی "هنداڤ"دا دەگەڕێن

:: PM:02:33:20/06/2019 ‌

ماوەی چوار رۆژە كچێكی تەمەن 17 ساڵان كەوتووەتە ناو رووباری زێی گەورەی لە شارەدیێ دێرەلووكی ئامێدی و تا ئێستە تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە، رۆژانە خەڵكێكی زۆر بە هاوكاری تیمەكانی بەرگری شارستانی بەدوای تەرمەكەی دەگەڕێن، باوكی كچەكەش دەڵێ، كچەكەم لەڕووی دەروونییەوە دۆخی ناجێگیر بوو.

ئەمڕۆ پینجشەم 20ی حوزەیران، فەرهاد باقی باوكی كچە خنكاوەكە بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی چوار رۆژە كچەكەی كەوتووەتە رووباری زیێ گەورەی سەر بە شارەدیێ دێرەلووك و تا ئێستە چارەنووسی نادیارە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، كچەكەم تەمەنی 17 ساڵە و ناوی هنداڤە و قوتابییە، لەڕووی دەروونییەوە كەمێك تێكچووە و زیاد لە هەشت جار هەوڵی خۆخنكاندن و خۆكوشتنی داوە، من و دایكی و منداڵ و كەسوكارەكانمان پاسەوانیمان دەكرد بۆ ئەوەی خۆی نەكوژێ، بەڵام بەداخەوە پێش چوار رۆژ خۆی لە ئێمە ون كرد و بەپێی قسەی هەندێ كەس كە بەچاوی خۆیان بینیویانەچووەتە لای رووبارەكە، ئێمە چووینە سەر رووبارەكە و بینیمان هەندێك كەلوپەلی لەسەر رووبارەكە جێهێشتووە پێ دەچێ خۆی خستبێتە ناو رووبار.

بەپێی قسەی باوكی هنداڤ‌، جگەلەوەی لەڕووی دەروونییەوە ناجێگیر بووە، هیچ كێشەیەكی تری كومەڵایەتی نەبووە  و دەڵێ، داوا لە تیمەكانی بەرگری شارستانی و مەلەوانی و خەڵكی ناوچەكە دەكەین زیاتر هاوكارمان بن بۆ دۆزینەوەی تەرمی كچەكەم.

ئیحسان سەنعان بەرپرسی بەرگری شارستانی دێرەلووك به ‌"وشە"ی راگەیاند، بۆ دۆزینەوەی تەرمی كچێك لەسەر رووباری زێی گەورە ئەوان بە هاوكاری تیمەكانی بەرگری شارستانی شێلادزێ لەكاردان.

دووپاتی دەكاتەوە، بەپێی قسەی باوكی كچەكە، كچەكە خۆی فڕێ داوەتە ناو رووبار، ئێمە رۆژانە لە بەیانییەوە تا ئێوارە لە نێوان دێرەلووك بۆ دەڤەری بارزان بەدوای تەرمی كچەكە دەگەڕێین و تا دۆزینەوەی تەرمەكە گەڕانەكەش بەردەوام دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی رووبارەكە لێژە و ئاوەكەی لێڵە ئەركی گەڕان بەدوای تەرمەكە‌ قورستر بووه.

ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆك حەوت رووداوی خنكان روویان داوە، لەو رووداوانە جگە لە هنداڤ، تەرمی كچێكێ تر لە سنووری شارۆكەی زاخۆ تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری


وشە - هیدایه‌ت جان