پێوەری ئاوی ماڵان هەواش لەسەر خەڵك هەژمار دەكات

:: PM:02:41:20/06/2019 ‌

 

ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە پێوەری ئاوی خواردنەوە بۆ ماڵان دانراوه ‌و تا ئێستە كار بە پێوەرەكە نەكراوە و گرفت و كێشەی بۆ هاووڵاتییانیش دروست كردووە، بەڵام كێشەیەكی تری ئەو پێوەرە ئەوەیە كە هەوا دەخوێنێتەوە و لەسەر هاووڵاتییان بە پارە هەژمار دەكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی "وشە" كەوتووە، پێوەری ئاوی ماڵان ژمارەكانی لە بەشی ناوەوەی پێوەرەكەن كاتێك ئاوی ماڵان دێتەوە بە 10 خولەك پێش هەڵكردنی ئاوەكە ئەو هەوایەی ‌ لەناو بۆڕییەكانە و ئاوەكە پاڵی دەنێ، كە دەگاتە ناو پێوەرەكە ژمارەی گێچی پێوەرەكە دەسووڕێنێت و گۆڕانكارییان بەسەر دێت، واتە هەژماری پێوەرەكە بە هەواش دەگەڕێت و گۆڕان بەسەر ژمارەكانی دێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم‌ 20ی حوزەیران،‌ كاسترۆ مەعرووف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، ناڕەزایەتی زۆر لەلایەن هاووڵاتییان دروست بووە لەسەر پێوەری ئاوی ماڵان و هاتنەوەی ئاو، هاووڵاتییان دەڵێن ‌ پێوەرەكانیان زۆر دەخوێنێتەوە و پارەی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، هەردوو كۆمپانیای گرنگ و ئۆرانۆس كە خوێندنەوە و دانانی پێوەرەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەكەن، بانگهێشتی ئەنجوومەن دەكەین بۆ لێپرسینەوه ‌و گەیشتن بە ئەنجام لەسەر ئەو پێوەرە و كێشه ‌و ناڕەزایەتی هاووڵاتییان.


لە بارەی خوێندنەوەی هەوا لەسەر پێوەرەكان ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن دەڵێ، هەموو ئەندامانی لیژنەكەمان ئاگادار كردۆووەتەوە كە دەست بە بەدواداچوون لەسەر كێشەی پێوەرەكە بكەن و هەموو كێشەكان بە راپۆرتێك بخەنە ڕوو بۆ ئەوەی ماف بۆ هاووڵاتییان بگەڕێتەوه ‌و هاووڵاتییانیش خۆیان دەبێت چاوكراوە بن چونكە پارەیان داوە بەو پێوەرە و پێویستە هەر كێشەیەكی هەبوو سكاڵا بكەن.

محەمەد وەهاب بڕیاردەری لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ‌ "وشە" ئاشكرای دەكات، خوێندنەوەی هەوا له ‌پێوەری ئاوی ماڵان جێی قبووڵ نییه ‌و پێویستە لایەنە پێوەندیدارەكان لەسەر ئەو بابەتە هەڵوێستیان هەبێت.

دووپاتی دەكاتەوە، وەك لیژنەی شارەوانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر ئەو بابەتە بەدواداچوون دەكەین و هاووڵاتییانیش ئاگادار دەكەینەوە، ئەگەر گومانیان لەسەر گۆڕانكاری پێوەرەكە لەلا دروست بوو، لە كاتی بڕانی ئاو پێوەندیمان پێوە بكەن بۆ ئەوەی لێپێچینەوە بكەین.

وشە/ سلێمانی

 



وشە - هیدایه‌ت جان