شاری گەشتیاری لە زۆنگاوەكانی جبایش دروست دەكرێت

:: PM:02:48:20/06/2019 ‌
هەوڵەكان بۆ بووژاندنەوەی زۆنگاوەكانی باشووری عێراق بەردەوامی هەیە، لیژنەی شوێنەوار و گەشتیاری ئەنجوومەنی ئاشكرای دەكات، یەكێتیی ئەوروپا رەزامەندی نیشان داوە بۆ دروستكردنی بۆ پشتگیریكردنی پڕۆژەی پێشخستنی زۆنگاوەكان بە مەبەستی گەشتوگوزار كە لە چارەگی یەكەمی ئەمساڵ 12 هەزار كەس سەردانی كردوون.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی حوزەیران، هەیفا جابری سەرۆكی لیژنەی شوێنەوار و گەشتیاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقاڕ رای گەیاند، دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدولئەمیر حەمدانی وەزیری رۆشنبیری و شوێنەوار و گەشتیاری، پێی راگەیاندوون كە یەكێتیی ئەوروپا رەزامەندی نیشان داوە بۆ پێشخستنی ناوچە گەشتیارییەكانی زۆنگاوەكانی زیقاڕ و باشووری عێراق بە بەهای سێ ملیۆن دۆلار. روونی كردەوە، یەكێك لە پڕۆژەكان دروستكردنی ماڵی گەشتیارییە بۆ گەشتیاران لە نزیك ئووڕ.
 
سەرۆكی لیژنەی شوێنەوار و گەشتیاری گوتی، "رووبەری 150 دۆنم زەوی لە نزیك زەقووڕەی ئووڕ تەرخان دەكرێت بۆ دروستكردنی هوتێلێكی گەشتیاری و مۆزەخانەیەكی بچووك كە پارچە شوێنەوارییە مێژووییەكانی پارێزگاكەی تێدا دەخرێتەڕوو". زیاتر گوتی "جگە لەمەش وەزارەتی رۆشنبیری پڕۆژەی هەیە بۆ گەشتیاری زۆنگاوەكانی شارۆكەی جبایش بە بڕی 16 ملیۆن دۆلار كە شاری گەشتیاری تێدا دروست دەكرێت لەسەر رووبەری 180 دۆنم".
 
ئەسعەد حوسێن قەرەغوڵی بەڕێوەبەری فەرمانگەی گەشتیاری زیقاڕ دەڵێ، لە ماوەی نیوەی یەكەمی ئەمساڵ زیاتر لە 12 هەزار گەشتیاری عەرەب و بیانی سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی زۆنگاوەكانیان كردووە. زیاتر گوتی "هەوڵەكان بەردەوامن بۆ دروستكردنی گوندی گەشتیاری لە شارۆكەی جبایش و نزیك شاری ئووڕ".


وشە - فه‌رمان سادق