لە رێی ئەم خۆراكانەوە مەترسییەكانی شێرپەنجە كەم بكەوە

:: PM:03:07:20/06/2019 ‌

شێرپەنجە بەیەكێك لە نەخۆشییە پێشەنگییەكانی مردن دادەنرێت لە دنیادا. نەك تەنیا كار لە بەتەمەنەكان دەكات بەڵكو كار لە منداڵ و تەمەنە جیاوازەكانی تر دەكات بەبێ گوێدانە رەگەز. راستە كاتێك تووشی ئەم نەخۆشییە دەبیت ناتوانرێت رێگری لێ بكرێت، بەڵام  چەندان رێ هەن كە مەترسییەكانی شێرپەنجە كەم دەكەنەوە.

یەكەم: لیمۆ، یەكێكە لە میوە مزرەكان و بڕێكی زۆر ڤیتامین سی تێدایە ئاوی لەش زیاد دەكات و دەبێتە هۆی پاككردنەوەی لەش لە پێكهاتە ژەهراوییەكان. كاری جگەر باشتر دەكات، بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان توێكڵی لیمۆ توانای هەیە كە خانەی شێرپەنجەی لەناو ببات بەتایبەتی ئەو خانانەی كە لە ریخۆڵە گەورە و سنگ و سییەكاندا هەن. خواردنەوەی شەربەتی لیمۆ دەتوانێت دژە ڤایرۆس و دژە بەكتریا بە لەش بگەیەنێت و لەش لە هەوكردن رزگار دەكات و هەرسكردن باشتر دەكات و  فشاری خوێن رێكدەخات.

دووەم: گێزەر، وەك دەزانین لە چەندان توێژینەوەدا ئاماژە بە سوود و گرنگییەكانی گێزەر كراوە و توانای هەیە چەندان جۆری خانەی شێرپەنجەی لەناو ببات. زیادكردنی گێزەر لە ژەمەكاندا لەش دەپارێزێت لە چەندان جۆری شێرپەنجەی جیاواز.

سێیەم: چەرەزات، یەكێكی تر لەو خۆراكانەی كە رێ لە شێرپەنجە دەگرێت چەرەزاتە، چەرەزات بڕێكی باش پێكهاتەی گرنگی تێدایە كە پێویستە بۆ لەش بۆ نموونە گوێزی بەرازیلی رێ لە شێرپەنجەی سییەكان دەگرێت  بەهۆی بوونی ناوەرۆكی سیلینۆیمەوە و زیادكردنی گوێز لە ژەمەكاندا، چەندان مەترسیی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە لەشدا كەم دەكاتەوە.

چوارەم: زەنجەفیل، زەنجەفیل بەشێوەیەكی نمونەیی بەكار دەهێنرێت بۆ تەندروستی لەش. لە زۆر چارەسەردا سوودی لێ وەردەگیرێت. بەكارهێنانی زەنجەفیل قەبارەی گرێی پرۆستات كەم دەكاتەوە بەرێژەی %50. زۆر سوودی تری هەیە وەك كەمكردنەوەی هەوكردنی لەش و كەمكردنەوەی نیگەرانی گەدە و زۆر جۆری دژەئۆكسیدی تێدایە كە زیانی رەگە ئازادەكان كەم دەكاتەوە.

پێنجەم: زەیتی زەیتوون، بەپێی بنەمای خۆراكی ئەو ژنانەی زەیتی سروشتی بەكار دەهێنن لە ژەمەكانیاندا بەرێژەی %62 لە مەترسییەكانی شێرپەنجەی سنگ بەدوور دەبن چونكە توانای چەوری خوساندنی هەیە و رێ لە دروستبوونی خانەی شێرپەنجەی دەگرێت.

شەشەم: دارچین، ئەم بەهاراتە بەشێوەیەكی گشتی بەكار دەهێنرێت بۆ كەمكردنەوەی ئاستی شەكری خوێن و كەمكردنەوەی هەوكردن. توانای هەیە مەترسییەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە كەم بكاتەوە. دەتوانرێت نیو كەوچكی چا دارچین یان یەك كەوچكی چا دارچین بخورێت لە رۆژێكدا، بەم شێوەیە مەترسییەكانی شێرپەنجە كەم دەكاتەوە هەروەها سوودێكی زۆر بەلەش دەگەیەنێت. 

حەوتەم: دانەوێڵەی تەواو، یەكێكی تر لەو خۆراكانەی كە رێ لە شێرپەنجە دەگرێت دانەوێڵەیە، چونكە بڕێكی زۆر ریشاڵ بەلەش دەدات زیاتر لە برنجی قاوەیی و شۆفاندا هەیە.



وشە - ئاوات ئازاد