بەم ڕێیانەدا بۆ نەشتەرگەری نەچی ڕووبەڕووی مردن دەبیتەوە

:: PM:03:51:20/06/2019 ‌

كەم نین ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەناو نەشتەرگەری یا لەكاتی بەهۆشهاتنەوەیان لەبەنج یا لە بەشی چاودێری چڕ لەدوای نەشتەرگەری گیان لە دەست دەدەن، هەر جارە و هۆكارەكەشی بۆ لایەك دەگێڕدرێتەوە، جارێك پزیشكی نەشتەرگەركار جارێكی تر پزیشكی سڕكار یا تیمی بەهۆشهێنانەوە، زۆر جاریش كەسەكە دەمرێت و ڕوون نابێتەوە هۆكاری مردنەكەی كەموكوڕی كام لایەن بووە.

پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری چەند ڕێنوێنییەك هەیە پێویستە نەخۆش بیانزانێت و شارەزای تەواو وەربگرێت لەبارەیانەوە، وەك ئەنجامدانی چەندان جۆری پشكنین كە بەپێی تەمەن و هەبوونی نەخۆشی پێشوەختە دەگۆڕێت، هەروەها پێویستە دڵنیایی تەواو لە چۆنیەتی هۆڵی نەشتەرگەری و ئامێرە پێویستەكان و بەشی بەخۆهێنانەوە لەدوای نەشتەرگەری هەبێت، لە هەمووی گرنگتر ئەو نەخۆشخانەی نەشتەرگەری تێدا دەكات دەبێت دڵنیا ببێت لەوەی بەشی چاودێری چڕی هەیە.

د. شەرەفەدین محێدین بەرزنجی پرۆفیسۆڕی سڕكار، باس لە قۆناغەكانی ئەنجامدانی نەشتەرگەری دەكات بە چوار بەش دووپات لەوە دەكاتەوە كە دەبێت لە هەموو نەخۆشخانەیەكدا نەخۆش دڵنیایی تەواو وەربگرێت لە هەبوون و ئەنجامدانی هەموو قۆناغەكان، چونكە بەهۆی كەموكوڕی لەهەر یەكێكیان ژیانی نەخۆشەكە دەكەوێتە مەترسییەوە. د. شەرەفەدین بەرزنجی لەڕێی "وشە"ەوە هاووڵاتییان وشیار دەكاتەوە لە وردەكارییەكانی پێش نەشتەرگەری و لەكاتی نەشتەرگەری و دوای نەشتەرگەری دەڵێت، ئەگەر دڵنیا نەبێت لەوانە وەك ئەوە وایە بەقاچی خۆی بۆ مەرگ بچێت.

قۆناغی یەكەم/ پێش ئەوەی نەخۆش نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت.
پێش ئەوەی نەخۆش نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت، كاتێك نەخۆشێك سەردانی پزیشكێكی نەشتەرگەركار دەكات و پێویستی بەوە دەبێت نەشتەرگەری بۆ بكرێت، پێویستە چەندان جۆری پشكنین هەیە بۆی ئەنجام بدرێت پشكنینەكان بەپێی تەمەنی كەسەكە و نەخۆشییەكانی كە هەیەتی یا پێشتر هەیبووە، پێش هەموو شتێك جگە لە پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكە دەبێت پزیشكی پسپۆڕی سڕكار "بەنج" نەخۆشەكە ببینێت، دواتر ئەم پشكنینانە دەبێت بۆ هەموو نەخۆشێك بكرێت، تا لەكاتی نەشتەرگەری ڕووبەڕووی هیچ حاڵەتێكی لەناكاو نەبێت:
-پشكنینی خوێن.
- ئیكۆ دڵ.
-تەختیتی دڵ.
-تیشكی سنگ.
-پشكنینی ڤایرۆسات.
-شەكرە و چەوری.

لەكاتی زانینی هەبوونی كێشە لە هەریەك لە پشكنینەكان دەبێت پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكە جگە لە پزیشكی نەشتەركار لەناو هۆڵی نەشتەرگەری ئامادە بێت، بۆ ئەوەی لە كاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێكدا ڕاستەوخۆ بتوانێت بەشداری بكات و كێشەكە چارەسەربكات لەكاتی نەشتەرگەرییەكەدا.

قۆناغی دووەم /لەناو هۆڵی نەشتەرگەری لەكاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەدا.
لەناو هۆڵی نەشتەرگەری و لەكاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكەدا دوو كێشەی سەرەكی ئەگەری دروست بوونی هەیە یەكیان لە "دڵ" و دووەمیان لە "هەناسە" .

جاری وا هەیە لێدانی دڵی نەخۆش كەم دەبێتەوە، ئەگەر لە ماوەیەكی زۆر كەمدا فریای نەكەویت و دەرمانی پێ نەدەی بۆ زیادكردنی لێدانی دڵی، ئەوا نەخۆشەكە لە دەست دەدەیت، هەندێك جاریش بە پێچەوانەوەیە دڵی نەخۆش زۆر بە خێرایی لێ دەدات دەگاتە سەرووی  ١٥٠ لەوكاتەدا دەبێت بەزووترین كات دەرمانی بدرێتێ لیدانی دڵی ئاسایی بكرێتەوە.

ئەمانە گرنگترین شتن كە دەبێت تیمی سڕكار ئاگاداریان بێت و دەرمانی كاناین ئامادە بكرێن پێش ڕوودانیان، چونكە لەكاتی ڕوودانیان تا ئامادە دەكرێت ئەگەری زۆری هەیە نەخۆشەكە لەدەست بدەن، ئەم مادانە لەهەموو هۆڵێكدا هەن و هەرزانن و بەردەستن، بەڵام دەبێت ئامادەكاری تەواوی بۆ بكرێت.

قۆناغی سێیەم/ بەهۆشهێنانەوەی نەخۆش لە بەنج
قۆناغی بەهۆشهێنانەوەی نەخۆش "ریكەڤەری" گرنگترین قۆناغە چونكە نەخۆش لەكاتی نەشتەرگەریدا تیمێكی پزیشكی گەورەی چاودێری دەكات و لەرێی ئامێرەكانەوە دەزانرێت كە نەخۆش ڕووبەڕووی هەر حاڵەتێك ببێت و هەموو شتێكی لەژێر كۆنترۆڵدایە، بەڵام لەدوای نەشتەرگەری ئەگەر بەهەمانشیوەی هۆڵی نەشتەرگەری ئامێری پێویست و كارمەندی شارەزای لێ نەبێت ئەوكاتە بۆی هەیە نەخۆشەكە ڕووبەڕووی كێشەی زۆر ببێتەوە كە زۆر جار دەڵێن نەخۆش لە بەنج بەهۆش خۆی نەهاتەوە، هۆكاری ئەوەیە ئامێری چاودێریكردن و كارمەندی پسپۆڕی لێ نییە، بۆیە پێویستە دڵنیایی لە هەبوونی ئەمانە وەربگیرێت، دەبێت نەخۆش تا كاتی بەهۆش خۆهاتنەوەی تەواوی و دانیشتن و جوابدانەوەی قسەكانی لە بەشی ریكەڤەری بیت، چونكە ئەگەری هەیە ئەگەر بەتەواوی بەهۆش خۆی نەیەتەوە و دڵنیایی تەندروستی نەبێت تاگەیشتنی بە ژووری تایبەتی گیان لەدەست بدات یان تووشی چەند حاڵەتێكی لەناوكاو بێت كە زیانی پێ بگەیەنێت.

قۆناغی چوارەم/ بەشی چاودێری چڕ.
زۆرجار كەسەكان لەكاتی بەهۆش هێنانەوەیان لە بەنج كێشەیان بۆ دروست دەبێت، بەتایبەت كە كارمەندی پسپۆڕیان نییە یان ئەوانەی پێشتر تووشی جەڵتەی دڵ یان مێشك بوون، هیچ كات ناگونجێت نەشتەرگەرییەك بكرێت لە نەخۆشخانەیەك بەشی چاودێری وردیان نییە، چونكە ئەگەر نەخۆشێك دوای نەشتەرگەری پێویستی بە چاودێری ورد كرد و نەبوو، تا دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەیەكی تر گیان لەدەست دەدات، ئەمە پێشتر زۆر ڕووی داوە و  ئێستەش ڕوو دەدات، بۆیە دەبێت نەخۆشخانە لەم قۆناغانە دڵنیا ببن پێش ئەنجامدانی نەشتەرگەری.

هەولێر/ ئیڤان عەبدولڕەحمان





وشە - سه‌رخێڵ هاشم