كاتێك بوونی گرێیەك لە لەشی مرۆڤدا دەدۆزرێتەوە یەكەم هەنگاو كە پزیشك ئەنجامی دەدات ئاشكراكردنی جۆری گرێیەكەیە ئاخۆ لووێكی ئاساییە یان شێرپەنجەیی، چونكە ئەوە كار دەكاتە سەر چۆنیەتی چارەسەركردنی.
بەگشتی
لوو یان گرێ بریتییە لە بارستەیەكی نائاسایی لەناو لەشی مرۆڤ پەیدا دەبێت بەهۆی گەشەی خانەكانەوە و بەپێی جۆری خانەكانیش دیاریكردنی ئەو گرێیە دەگۆڕێت، ئەگەر خانەكانی گرێیەكە ئاسایی بن ئەوە گرێیەكە ئاساییە و مەترسی نییە، بەڵام ئەگەر خانەكانی نائاسایی بن و لەژێرۆ كۆنترۆِڵ نەبن، ئەوكات گرێیەكە شێرپەنجەیی و پیسە، بۆیە پێویستە سامپڵێك لە گرێیەكە وەربگیرێت پشكنینی بۆ بكرێت.
گرێی ئاسایی بڵاو نابێتەوە لەناو لەش تەنیا پەستان لەسەر ناوچەكە دروست دەكات و بەو شێوەیە زیان دەگەیەنێت، بۆیە تا كێش و قەبارەی زیاد نەكات پێویستە لابدرێت و هەندێكیشی بۆ ئەوەی نەگاتە ئاستی پیسبوون لادەدرێت، هەرچی گرێی شێرپەنجەییە كە لە خانەی شێرپەنجەییەوە دروست دەبێت و بەرەو شانەكانی دەوروبەری بڵاو دەبێتەوە و خانە شێرپەنجەییەكان لەگەڵ خوێن و لیمف بەلەشدا بڵاو دەبنەوە و ئەندام و شانەكانی تریش تووش دەكەن وەك مەمك و ریخۆڵە و سییەكان و خوێن و پێست.
چەندان جیاوازی لە نێوان هەردوو جۆری گرێیەكە هەیە لەوانە:
یەكەم/ تێكڕای گەشەكردن، گرێی شێرپەنجەیی خێراتر گەشە دەكات، ئەگەرچی گرێی شێرپەنجەییش هەیە گەشەی سستە، بەڵام ئەوەی بڵاو دەبێتەوە گەشەی خێرایە.
دووەم/ توانای كۆنترۆڵكردنی دەوروبەری، گرێی پیس دەتوانێت دەوروبەری داگیر بكات و هەوڵی گەیشتن بە تەواوی لەش دەدات و توانای بڕینی پەردەی شانە تووش نەبووەكانی هەیە.
سێیەم/ توانای بڵاوبوونەوە، لووی پیس دەتوانێت لە رێگەی خوێن و لیمفەوە بڵاو ببێتەوە، كەچی لووی ئاسایی تەنیا لەو ناوچەی لێیەتی بوونی هەیە.
چوارەم/ دووبارە دروستبوونەوە، لووی ئاسایی دەتوانرێت لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە لابدرێت و دوای لابردنیشی كەمتر ئەگەری دروستبوونەوەی هەیە و ئەگەر هاتەوەش لە هەمان شوێن دەبێت، كەچی پیسەكەی كە بڵاو دەبێتەوە، بەلابردنیشی ئەگەری هاتنەوە یان دروستبوونی لە شوێنی تر هەیە.
پێنجەم/ شێوەیان، لەژێر وردبین دەتوانرێت لێك جیابكرێنەوە بەوەی خانە شێرپەنجەییەكان كرۆمۆسۆم و ترشی ناوكۆی نائاساییان هەیە و ئەوەش وا دەكات ناوكی خانە گەورەتر و رەنگ تێرتر بێت و شێوەی خانەكانیش جیاوازن لەگەڵ ئاسایی.
شەشەم/ كاریگەریان، هەندێك گرێی ئاسایی چەند جۆرە هۆڕمۆنێك دەردەدەن، بەڵام گرێی پیس چەند جۆرە مادەیەك دەردەدات كە كاریگەری نەرێنیان هەیە وەك ماندوكردن و دابەزینی كێش.
حەوتەم/ چارەسەری، لووی ئاسایی بە نەشتەرگەری لادەبرێت و هەندێكیشی كە زیانی نییە وازی لێ دەهێنرێت، لەوكاتەی لووی شێرپەنجەیی پێویستی بە چارەسەری كیمیایی و تیشكی هەیە بۆ نەهێشتنی و رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی.