ژەهراویبوون یان پیسبوونی خوێن

:: PM:04:36:20/06/2019 ‌

یەكێكە لە نەخۆشییە مەترسیدارەكان كە تووشی مرۆڤ دەبێت و مەترسییەكەشی لەوەدایە كە ئەو میكڕۆبانەی دەچنە ناو خوێن بۆ ناوچە جیاجیاكانی لەشەوە دەگوازرێنەوە و تووشی نەخۆشی جیاوازی دەكەن، دوو حاڵەتی هەیە، ئاسایی كاتێك كۆئەندامی بەرگری لەش میكڕۆبەكان لەناو دەبات و خوێنەكە پاك دەكاتەوە و دووەم میكڕۆبەكان كاردانەوەیەكی هەوكردنی گەورە دروست دەكەن و ئەو كەسە دەكەوێتە نەخۆشخانە و ئەوەش مەترسیدارە، بۆیە پێویستە زوو چارەسەری هەر نەخۆشییەك وەربگیرێت.

كەسانێك هەن زیاتر تووشی پیسبوون و میكرۆباوی بوونی خوێنیان دەبنەوە لەوانە كۆرپەلەی ساوا و كەسانی بەتەمەنداچوو و نەخۆشانی كەمی بەرگری و ئەوانەی تووشی شێرپەنجە بوونەتەوە و چارەسەری كیمیایی وەردەگرن و ئەوانەی سپڵیان دەرهێنراوە، بۆیە هەرچەند كۆئەندامی بەرگری لەش لاوازتر بێت زیاتر ئەگەری تووشبوون بە میكڕۆبی خوێن هەیە لەوانەش ئەوانەی دەسووتێن یان مادەی هۆشبەر بەكار دێنن كە زیاتر ئەگەری مردنیان بەهۆی پیسبوونی خوێنیانەوە هەیە.

هاتنی ئەو میكڕۆبانە بۆ ناو خوێن یان لە ئەندامەكانی ناوخۆی لەش یان لە پێستەوە دەبێت و زۆر جار لەسەر ئەو بەشە دەستكردانە جێگیر دەبن كە لە لەشدا دەچێنرێت وەك دەمەوانەكانی دڵ و لوولەی قەستەرە و هیتریش، لە نیشانەكانی پیسبوونی خوێن بە میكڕۆبەكان رشانە و هێڵنهاتنەوە و لاوازی جەستە و ماندووبوون و شپڕزەیی و تا و دابەزینی پەستانی خوێن و بەرز و ئارەقەكردن و دابەزینی پلەی گەرمی لەش و خێرابوونی لێدانی دڵ و پێست وەرین و خوێن مەیین و ئەگەر چارەسەری گونجاو و خێرا وەرنەگیرێت نەخۆشەكە گیان لەدەست دەدات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل