كێشەكانی سڕكردنی نیوەیی لەكاتی نەشتەرگەریدا

:: PM:05:22:20/06/2019 ‌

سڕكردنی نیوەیی جۆرێكە لە جۆرەكانی سڕكردنی ناوچەیی یان بەشی لە رێگەی گەیاندنی مادەی سڕكەر بۆ شلەی دەوری دەمارەكانی بڕبڕەی پشتەوە دەبێت لە ناوچەی خوارووی كۆتایی دڕكە پەتكەوە، كە هەستە دەمارەكانی بەشی خوارەوەی لەش لە ناوقەدەوە تا پەنجەكانی پێ سڕ دەكات لەگەڵ هێشتنەوەی ئاگایی نەخۆش و كاریگەری ماوەی سەعاتێك بۆ دوو سەعات بەردەوام دەبێت. 

زۆرجار ئەو جۆرە سڕكردنە لەكاتی نەشتەرگەری ئێسك و جومگە و فتق و دەوالی و مایسیری و لوولەكانی خوێن لابردن و بەرزكردنەوەی منداڵدان و لەدایكبوونی قەیسەری و پرۆستات و میزڵدان و ئەندامی زاوزێی بەكار دێت، لە سوودەكانیشی، نەبوونی كاریگەری بۆ سەر سییەكان و هەناسەدان و تووش نەبوونی سی بە هەوكردن و كەمكردنەوەی ئازار دوای نەشتەرگەری و نەبوونی كاریگەری بۆ سەر مێشك و هۆش بەتایبەتی لە كەسانی بەتەمەن و نەبوونی مەترسی رشانەوە و هیڵنج و ئازارشكێن و زوو هاتنەوە سەر دۆخی ئاسایی لە خواردن و خواردنەوە. باشترە بۆ دایك و كۆرپەلە لەكاتی نەشتەرگەری لەدایكبووندا.

هەرچی لایەنی نەرێنی و كێشەكانە: ئەگەری دابەزینی پەستانی خوێنی هەیە، هەروەها لەوانەیە هەستیاری و خوران دروست بكات بەهۆی بەكارهێنانی چەند دەرمانێكەوە، قەتیسبوونی میز و زەحمەتی میزكردن، سەرئێشە، لە حاڵەتی دەگمەنیش رەنگە ئەوانە روو بدات، تێكچوونی بەردەوامی دەمارەكان و پەككەوتەیی بەتایبەتی لە كەسانی بەتەمەن، وەستانی هەناسەدان و دابەزینی پەستانی خوێن و تووشبوون بە سەكتەی دڵ.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل