ترەمپ: ئێران هەڵەیەكی گەورەی ئەنجام دا

:: PM:05:44:20/06/2019 ‌

ئەمڕۆ گۆڕانكارییەكی گەورە لە ئاڵۆزییەكانی كەنداو دروست بوو كاتێك ئێران فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكای خستە خوارەوە، لەوكاتەی چاودێران پێشبینی وڵامدانەوەیەكی سەربازی ئەمەریكا دەكەن، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئێران هەڵەیەكی گەورەی ئەنجام داوە.

ترەمپ ئەمڕۆ پێنجشەم دوای رووداوەكەی بەیانی ئەمڕۆ كە هێزەكانی ئێران فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكاییان لە نزیك گەرووی هورمزدا خستە خوارەوە، لە لاپەڕی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی، ئێران هەڵەیەكی گەورەی ئەنجام داوە، وەك ئاماژەیەك بۆ رووداوەكە.

دوای رووداوەكە ئەمڕۆ پێشبینی كردەیەكی سەربازی ئەمەریكا لەدژی ئێران زیاتر بوو و لەو بارەوە ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا هۆشداری دا كە هەر كردەیەكی سەربازی لە دژی ئێران كارەسات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات.

دووپاتی كردەوە، هەر كردەیەكی سەربازی بۆ سەر ئێران كارەسات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەكات و توندوتیژی دروست دەكات و ئەگەری دروستبوونی لێشاوی كۆچبەران لە ناوچەكەوە زیاتر دەكات.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی ئێران فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكاییان سەر بە هێزی دەریاوانی لەسەر بواری ئاسمانی نێودەوڵەتی خستووەتە خوارەوە. دووپاتیشی كردەوە كە ئەوەی ئێران باسی دەكات بەوەی فڕۆكەكە لە سەر ئاسمانی ئێران بووە، راست نییە.

لای خۆیەوە عادل جوبێر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە لەندەن لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا هەڕەشەی لە ئێران كرد بەوەی رووبەڕووی كاردانەوەیەكی زۆر بەهێز دەبێتەوە ئەگەر گەرووی هورمز دابخات و دووپاتی كردەوە كە بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی ئێران دروستیان، دەكات ناتوانین دۆخی ناوچەكە هێور بكەینەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل