پێشانگه‌ی تایبه‌ت به به‌رهه‌می ئێرانی له هه‌ولێر كه 200 كۆمپانیا به‌شدارییان تێدا كردبوو و دوای پێنج رۆژ كۆتا به كاره‌كانی هێنا. له پێشانگه‌كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵیك كۆمپانیای ناسراوی ئێرانی به‌رهه‌مه‌كانیان خستبووه ڕوو، به‌ڵام ئه‌و پیشوازییه گونجاوه له به‌رهه‌مه‌كانی ئێران نه‌كرا و خاوه‌ن كۆمپانیاكانی ئێرانیش خۆیان له پێشانگه‌كه رازی نه‌بوون، هۆكاری ساردوسڕیی پێشانگهكهیان بۆ نه‌بوونی رێكلام و ناساندنی پێشانگه‌كه گه‌ڕانده‌وه.
له پێشانگه‌كه كۆمه‌ڵیك كه‌لوپه‌لی پێداویستی ناوماڵ، خۆراك، كشتوكاڵی خرابوونه ڕوو و هاووڵاتییانیش په‌یتاپه‌یتا روویان له پێشانگه‌كه ده‌كرد و به‌و ئامانجه سه‌ردانی پێشانگهكهیان ده‌كرد تا هاوشێوه‌ی ئێران نرخی كه‌لوپه‌له‌كان بۆ كڕیارێكی هه‌رێمی كوردستان هه‌رزان بێت، به‌ڵام نرخه‌كان به‌رز كرابوونه‌وه و ته‌نانه‌ت نرخی دۆلار له‌سه‌ر شتومه‌كه‌كان دانرابوون.
هێمن عوسمان كه هاووڵاتییه‌كی هه‌ولێره و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی سه‌ردانی پێشانگه‌ی كردووه، ئه‌و گوتی چه‌ند جارێك سه‌ردانی ئێرانی كردووه و نرخه‌كان له هه‌ولێر زۆر له نرخی راسته‌قینه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی ئێرانی زیاتره، حه‌زی لێ بووه هه‌ندێك شت بكڕێت به‌ڵام نرخه‌كه‌ی به‌رز كرابووه‌وه.
ئه‌وه‌ی له پێشانگه ئێرانییه‌كه پشكی شێری به‌ركه‌وتبوو و له چه‌ندان كۆمپانیا و كارگه‌ی جیاوازه‌وه به‌رهه‌مه‌كانیان خستبووه روو، به‌شی مافوور بوو. له هه‌ر رێڕه‌وێك ده‌سووڕایته‌وه چاوت به یه‌كێك له كۆمپانیاكان ده‌كه‌وت كه كۆمه‌ڵێك مافووریان خستبووه ڕوو.
به‌پێچه‌وانه‌ی به‌شی مافووری ده‌ستچن، به‌شی مافووری ماشینی یان پیشه‌سازی زۆر قه‌ره‌باڵغتر بوو و هۆكاره‌كه‌ش بۆ نرخه‌كان ده‌گه‌ڕایه‌وه. له‌و به‌شه هه‌ر چه‌نده نرخه‌كان له‌چاو نرخی ئێران به‌رز بوون، به‌ڵام مافوورێكی 2.5 له 3.5 مه‌تری ئه‌گه‌ر 700 شانه بووایه، به 200 دۆلار و هه‌زار و 200 شانهكهش به 300 دۆلار ده‌هاته كڕین.
هاووڵاتییه‌ك كه بۆ كڕینی فه‌رش راوه‌ستابوو و گوتی، سێ به چواره‌كه‌ی به 200 دۆلار ده‌كرێت، هاوكات لێره نرخه‌كان به‌رز كراونه‌ته‌وه و ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن هه‌ر به نرخی ئێران و كارگه‌كه خراونه‌ته‌ڕوو، راست ناكه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه، كه‌م نه‌بوون ئه‌و كڕیارانه‌ی هه‌ر له پێشانگه‌كه مافووری ئێرانی‌یان كڕی و له‌گه‌ڵ خۆیاندا بردیانه‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌شه كه‌مێك بازاڕی هه‌بووبێت، ئه‌وا به‌شی مافووری ده‌ستچن هیچ بازاڕێكی نه‌بوو. كۆمپانیای "هه‌ده‌ف سوبحان" كه له تاران مافووری ده‌ستچن به‌رهه‌م ده‌هێنێت كۆمه‌ڵێك مافووری له بازاره‌كه خستبووه‌ڕوو كه نرخیان له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی تری مافوور زۆر جیاواز بوو. ئه‌وه‌ی ئه‌م كۆمپانیایه‌ی له‌وانه‌ی تر جیا ده‌كرده‌وه ئه‌وه‌بوو مافوورهكان به ده‌ست چنرابوون و ئه‌م جۆره مافووره‌ی ئێرانیش له هه‌موو دنیا كڕیاری تایبه‌ت به خۆی هه‌یه و نرخه‌كانیشیان زۆر به‌رزه.
مافووری ده‌ستچنی 12 مه‌تری له‌م كۆمپانیایه به سه‌رووی 600 دۆلار ده‌فرۆشرا و به‌گوێره‌ی تایبه‌تمه‌ندیی و جۆری مافوورهكهش نرخه‌كه‌ی به‌رز ده‌بووه‌وه. هه‌ندێك مافوور خرابوونه روو كه نرخیان تا زیاتر له 100 هه‌زار دۆلار به‌رز بووبووه‌وه.
خاوه‌نی كۆمپانیاكه كه خۆی به مه‌هدی ناساند گوتی له بازاڕه‌كه رازی نییه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه له هه‌رێمی كوردستان هێشتا وه‌ك پێویست مافووری ده‌ستچن نه‌ناسراوه و خه‌ڵك زیاتر حه‌زیان له كڕینی ئه‌و جۆره مافووره‌یه كه به مه‌كینه‌ی تایبه‌تی دروست ده‌كرێت و جۆره‌كانی 500 شانه، 700 شانه، هه‌زار و 200 شانه و به‌رزتر له خۆ ده‌گرێت.
له مافووری پیشه‌سازی یان ماشینی تا ژماره‌ی شانه‌كان به‌رزتر بن، ئه‌وا كوالێتییهكهش به‌رزتره و نرخه‌كه‌ش به‌رز ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له مافووری ده‌ستچن شتێك به ناوی شانه رۆڵی نییه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی رۆڵی باشی و خراپی له مافووره‌كه ده‌گیرێت ئه‌وه‌یه چ جۆره ره‌نگی و دیزاینێكی تێدا به‌كار هاتبێت و ته‌نانه‌ت له چ شوێنێكیش چنرابێت. مافووری ده‌ستكرد هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تریان كێشه‌ی بۆ هه‌ناسه و ته‌ندروستی هه‌یه و زووش له ناو ده‌چێت و كۆن ده‌بێت و ره‌نگه‌كه‌ی كاڵ ده‌بێته‌وه.
خاوه‌نی كۆمپانیاكانی مافووری ده‌ستچن باسیان له‌وه ده‌كرد له هه‌رێمی كوردستان رۆشنبیری به‌كارهێنانی مافووری ده‌ستچن نییه، بۆیه‌ش كاتێك نرخی مافوورهكانیان پێ ده‌ڵێن واقیان وڕ ده‌مێنێت. وه‌ك مه‌هدی باسی كرد مافووری ده‌ستچن تا كۆنتر بێت نرخه‌كه‌شی گرانتر ده‌بێت و هه‌رگیز بایه‌خی خۆی له‌ده‌ست نادات چونكه به‌شێكه له كولتوور و هونه‌ر و هه‌رگیز نافه‌وتێت.
ژنێكی هه‌ولێر له لای یه‌كێك له‌و كۆمپانیایانه مافوورێكی ده‌ستچنی كڕی كه نرخه‌كه‌ی زیاتر له 800 دۆلار بوو. كاتێك پرسیاری ئه‌وه‌م لێ كرد چۆنه ئه‌و مافووره‌ی كڕیوه؟ گوتی "من مافوور ده‌ناسم، ئه‌مه‌ی كڕیومه ده‌بێت منداڵه‌كانیشم بیپارێزن و ته‌نیا بینینی ره‌نگه‌كانی ئارامیم پێ ده‌به‌خشێت."
ئه‌گه‌ر بازاڕی مافوور دۆخه‌كه‌ی به‌م شێوه‌یه بێت، ئه‌وا به‌شه‌كانی تری پێشانگه‌كه خراپترن. كۆمپانیایه‌ك كه ئاوێنه و مێز توالیت و به‌شی جوانكاری ژووری نوستنی خستبووه‌ڕوو، گله‌یی له‌وه هه‌بوو كه وه‌ك پێویست رێكلام بۆ پێشانگه‌كه نه‌كراوه، بۆیه هاوشێوه‌ی پێشانگه‌كانی تر له بازاڕه‌كه شت نافرۆشرێت.
وه‌ك ئاره‌ش نیكنام باسی كرد به‌رهه‌مه‌كانی ئێران له زۆر رووه‌وه له هی توركیا باشترن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وایكردووه به‌رهه‌می توركیا له ئێرانی بباته‌وه، پێوه‌ندی به دیزاین و شێوه‌ی كه‌لوپه‌له‌كان هه‌یه و له ئێران ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به كوالێتییه‌كه ده‌درێ، گرنگی به رواڵه‌تی كه‌لوپه‌له‌كه نادرێت، بۆیه‌ش خه‌ڵك له هه‌رێمی كوردستان زیاتر چاویان له‌وه‌یه به‌رهه‌می توركی بكڕن نه‌ك ئێرانی.
هاوكات به‌ڕێوه‌چوونی دوو پێشانگه له‌وانه‌یه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ساردبوونی پێشانگه‌كه بووبێت، پێشانگه‌كه له شوێنی هه‌میشه‌یی پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له هۆڵێك به رووبه‌ری حه‌وت هه‌زار مه‌تری چوارگۆشه كرایه‌وه، دوو رۆژ دواتر له هۆڵێكی تری پێشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌ت به گه‌یاندن و شتومه‌كی بواری ته‌كنه‌لۆجیا كرایه‌وه.
له كاتی كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌كه مورته‌زا عه‌بادی كۆنسوڵی ئێران له هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌چوونی پێشانگه‌ی تایبه‌ت به ناساندنی تواناكانی ئێران له هه‌ولێری به ڕووداوێكی گرنگ له پێوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار كردبوو، گوتبووی ئه‌م پێشانگه‌یه ده‌بێته هۆی په‌ره‌پێدانی زیاتری ئابووری نێوان هه‌ولێر و تاران، هاوكات كاریگه‌ریی باشی بۆ سه‌ر هاوكاری هابه‌شی بازرگانی دوو لایه‌ن ده‌بێت.
*
له یه‌ك كاتدا به‌ڕێوه‌چوونی دوو پێشانگه و نه‌بوونی رێكلام، بازاڕی پێشانگهكهی سارد كردبوو.