هەوڵی چارەسەری كێشەی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەدرێ‌

:: PM:07:16:20/06/2019 ‌
ئەندامێكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیین و لە چەند ڕۆژی داهاتوو كۆبوونەوەی ڕژد لەوبارەیەوە دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 20ی حوزەیران، لە سلێمانی و هەولێر و چەند ناوچەیەكی تر قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەهۆی بوونی هەڵە لە پرسیاری تاقیكردنەوەكان و مەترسیی لە دەستدانی چەندان نمرەیان خۆپێشاندانیان ئەنجام دا.

ئاشنا عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لیژنەكەیان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی قوتابیان، چونكە پێویستە بە زووترین كات ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.

ڕوونیشی كردەوە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو لەگەڵ بەرێوەبەری گشتیی ئەزموونەكان كۆ دەبنەوە، پێویستە لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو لیژنەیە بكرێ‌ كە پرسیارەكانیان داناوە و هەڵەیان كردووە.

ئاشنا عەبدوڵا دووپات لەوە دەكاتەوە كە پێدانی نمرە بۆ هەر وانەیەك دوای تاقیكردنەوەكان چارەسەر نییە، پێویستە چارەسەرێكی بنەڕەتی هەبێ‌، چونكە پێدانی نمرە لە بەرژەوەندی هەموو قوتابیان نەبێ‌.

لەكۆتاییشدا ئاماژەی بەوە كرد كە بەهەموو هەوڵێك چارەسەری ئەو پرسە دەكەن و تا دوا ئەنجام واز لەو دۆسیەیە ناهێنن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم