ئه‌مڕۆ سێشه‌م له نێوان شارۆكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی یه‌كه‌ی كارگێڕیی گه‌رمیان و شارۆكه‌ی كفری ته‌رمێك دۆزرایه‌وه، پۆلیسیش ده‌ڵێ ئه‌و ته‌رمه ته‌رمی پێشمه‌رگه‌یه‌كه و به رووداوی ئۆتۆمبێل گیانی له ده‌ست داوه. كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌كه‌ش له رووداوه‌كه به گومانن.
رائید عه‌لی جه‌مال، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گه‌رمیان، به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌مڕۆ سیشه‌م له نێوان شارۆكه‌ی كه‌لار و كفری نزیك به گوندی ناسالح ته‌رمی كه‌سێك دۆزرایه‌وه پاشتر ده‌ركه‌وت ئه‌و كه‌سه پێشمه‌رگه‌یه و ناوی "زمانكۆ یاسین ئه‌مجه‌د" ه و خه‌ڵكی شاره‌دێی رزگاری سه‌ر به شارۆكه‌ی كه‌لاره.
ئه‌و گوتی، پێشتر كه‌سوكاری ئه‌و گه‌نجه به‌ر له دوو رۆژ سكاڵایان تۆمار كردبوو، گوایه كوڕه‌كه‌یان بێسه‌روشوێنه.
له پشكنینی پزیشكیدا ده‌ركه‌وتووه ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه به ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كه‌وتووه‌ته چاڵه‌وه و گیانی له ده‌ست داوه.
له‌باره‌ی گومانی هه‌ندێك كه‌س له دیارنه‌مان و مردنی پێشمه‌رگه‌كه، گوته‌بێژی پۆلیسی گه‌رمیان روونی كرده‌وه، لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر له رووداوه‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵام رووداوی مردنه‌كه‌ی به‌هۆی وه‌رگه‌ڕان بووه نه‌ك شتی تر.
هاوكات تاهیر محه‌مه‌د كه‌سێكی نزیك له‌و پێشمه‌رگه‌یه بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، كه دوو كه‌س به‌هۆی ئه‌و گه‌نجه‌وه گیراون و ته‌رمه‌كه‌شی كه ده‌گوترێت ئۆتۆمبێله‌كه وه‌رگه‌ڕاوه و به‌هۆیه‌وه مردووه، جێگه‌ی گومانه، چونكه ته‌رمه‌كه 100 مه‌تر له ئۆتۆمبێله‌كه‌وه دوور بووه.
ساڵی رابردوو 8 كه‌س له ره‌گه‌زی نێر له سنووری گه‌رمیان به رووداوی جۆراوجۆر كوژراون .
گه‌رمیان / سه‌بری هۆرینی