ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی بێسا: ئه‌مه‌ریكا به‌م دۆخه‌ مایه‌پووچ ده‌بێ به‌رانبه‌ر تاران

:: AM:07:02:22/06/2019 ‌
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ساڵێكه‌ ده‌ستی به‌ سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكان به‌سه‌ر ئێران كردووه‌ و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ فشاره‌كانی بۆ به‌زرترین ئاست به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ و گورزی ئابووری گه‌وره‌ی له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران داوه‌، به‌ڵام ئێران هێشتا ماوه‌ته‌وه‌ و به‌رگری و ململانێ ده‌كات و له‌سه‌ر مێزی شه‌تڕه‌نجه‌كه‌ ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

سزاكانی حكوومه‌تی تره‌مپ به‌ سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌كانییه‌وه‌ و جوڵاندنی هێز و لێدوانه‌ ئاگرینه‌كانی كۆشكی سپی و به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا، تا ئێسته‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ئێران به‌ كرده‌یی دروست نه‌كردووه‌، به‌ڵكوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێران هێرشی كرده‌ سه‌ر فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكی و به‌رده‌وامیشه‌ له‌ تێكدانی ته‌نگه‌به‌ری ئاوی له‌ كه‌نداو كه‌ به‌ گه‌رووی هورمز ناسراوه‌، جیا له‌وه‌یش پاش كشانه‌وه‌ی تره‌مپ له‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ده‌ستیان به‌ پیتاندنی یۆرانیۆم كردووه‌ و ڕێژه‌ی پیتاندن به‌ گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسانی ئێران بۆ 20% به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی تارانیش هیچ پابه‌ندبوونێكی خۆی به‌ ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نه‌هێشت و به‌ ته‌واوی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌ڵپه‌سارد.

ئه‌وروپییه‌كان به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌ڵمانیا ده‌یانه‌وێ ڕژێمی ئیسلامی ئێران به‌ دانوستاندن بخه‌نه‌ ناو ڕێككه‌وتنێكی تره‌وه‌، یان هه‌ر هیچ نه‌بێ، له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ ئێران ناچار بكه‌ن ده‌ست به‌ پاشه‌كشه‌ بكات و دووركه‌وێته‌وه‌ له‌ پشتیوانیكردنی حزبوڵای لبنان و گرووپه‌كانی تری چه‌كدار له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ یه‌مه‌ن و عێراق، به‌مه‌یش به‌ ته‌واوی خه‌ونی ئه‌مه‌ریكا به‌دی دێنێت و پێشبینی ده‌كرێ، به‌ كشانه‌وه‌ی ئێران له‌و ناوچانه‌ حكوومه‌تی تره‌مپ پابه‌ندیه‌تی خۆی به‌ ڕێككه‌وتنی پێشوو زیندوو بكاته‌وه‌.

به‌رلین به‌مشێوه‌یه‌ ده‌یه‌وێ هه‌م تاران بكشێنێته‌وه‌ و هه‌میش ناوچه‌كه‌ له‌ ئاگری جه‌نگێكی تری گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌كه‌ دروست بكات، ته‌نیا له‌م حاڵه‌ته‌دا پێشبینی ده‌كرێ، فشار و سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران كاریگه‌ری هه‌بێ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا بشكێته‌وه‌، ئیتر ئیسرائیلیش دوژمنی سه‌ختی له‌ ناوچه‌كه‌ نامێنێت و ده‌توانرێ گرێبه‌ستی سه‌ده‌ به‌ ئاسانی بخرێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش سزاكانی له‌سه‌ر نامێنێت و ده‌توانێ دۆخی ئابووری خۆی په‌ره‌ پێ بداته‌وه‌.

تا ئێسته‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ وردی ئه‌و سه‌ردانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیای بۆ تاران شه‌نوكه‌و نه‌كردووه‌، له‌ كاتێكدا هه‌مووان زانیان چوونی شینزۆ ئابی سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن بۆ نێوه‌ندگیری بووه‌ له‌ نێوان واشنتن و تاران، به‌ڵام به‌ ڕوونی كه‌س نه‌یزانی دیوی پشت سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا بۆ تاران چی بوو؟

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ به‌رده‌سته‌كان، به‌رلین خوازراوترین لایه‌نه‌ كه‌ بتوانێ به‌ هێمنی گرژییه‌كان به‌ره‌و نه‌مان ببات، چونكه‌ وڵاتانی كه‌نداو و ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی میانڕه‌وی ناوچه‌كه‌یش له‌و ئاسته‌ نین، ئه‌و ته‌نگژه‌ قوڵه‌ی كه‌ دروست بووه‌، بتوانن ئاسایی بكه‌نه‌وه‌ و كۆتایی به‌ ته‌نگژه‌كان بهێنن و ناوچه‌كه‌ له‌ ئاگری جه‌نگێكی گه‌وره‌ دوور بخه‌نه‌وه‌.

سیسته‌می ئێسته‌ی ئێران به‌ شۆڕش هاتوونه‌ته‌ سه‌ر حوكم و ته‌نیا ئامانجیان مانه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات، بۆیه‌ هه‌ر چ سزایه‌ك به‌سه‌ر تاران بسه‌پێنن، كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌و سیسته‌مه‌ دروست ناكات، چونكه‌ ئامانجی مانه‌وه‌ی خۆیه‌تی، نه‌ك گوێگرتن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكه‌كه‌ی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ و گرنگیدان به‌ شاره‌كان و پێشخستنیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕاكێشانی ئێران بۆ سه‌ر مێزی دانوستاندن كارێكی قورسه‌ و ئه‌سته‌مه‌ بێته‌ دی.

بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وڵاتان به‌ڵێنی مانه‌وه‌ی تاران و ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی ڕێبه‌رانی شۆڕشی ئیسلامی بده‌ن و مه‌رجی كشانه‌وه‌ و نه‌هێشتنی هه‌ژموونی تاران به‌سه‌ر وڵاتانی تری ناوچه‌كه‌ بكه‌نه‌ پێوه‌ر و بنه‌ما، ئه‌وا هه‌رچه‌نده‌ گورزێكی گه‌وره‌یه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، به‌ڵام گومانی تێدا نییه‌، له‌ نێوان خودی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وای تاران و هه‌ژموونیان به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌، ئه‌وان بژارده‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵده‌بژێرین و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك خۆیان ناكه‌نه‌ قوربانی هه‌ژموون به‌سه‌ر وڵاتانی تری ناوچه‌كه‌، چونكه‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا بێ، ده‌توانن ئه‌و هه‌ژموونه‌ دروست بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ نه‌مانی خۆیان ئیتر هه‌موو شتێك كۆتایی دێت.

بۆ ڕازیكردنی ئێران له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا و ڕۆژئاوا پێویسته‌، كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی سزاكان، ده‌ست به‌ پرۆگرامی هاوكاری و چه‌كداركردنی پێكهاته‌كانی ناوخۆی ئێران بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین خاڵه‌ كه‌ تاران ده‌هه‌ژێنێت و ناچار ده‌بێ، به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كانی ڕۆژئاوا ڕازی ببێت، ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ر خواست و حاڵه‌تێكیان له‌ كۆماری ئیسلامی هه‌بێ، ته‌نیا به‌ ڕێی دووه‌م ده‌توانن تاران بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌ژنۆ، چونكه‌ ئه‌و پێكهاتانه‌ هه‌میشه‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسین بۆ سه‌ر دڵی كۆماری ئیسلامی ئێران، تارانیش له‌ هه‌موو لایه‌ك باشتر ئه‌وه‌ ده‌زانێت، بۆیه‌ به‌ ده‌ستبردن بۆ ئه‌و خاڵه‌ هه‌ستیاره‌، ئیتر دۆخه‌كه‌ به‌ جۆرێكی تر هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ڕاوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكا دووپات له‌و خاڵه‌ ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێسته‌ تره‌مپ ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌.

فرانك میلبورن ڕاوێژكاری ستراتیجی و شاره‌زا له‌ جیۆپۆله‌تیك و ته‌ناهی و ده‌رچوونی زانكۆی ساندهێرست و كۆلێژنه‌ی ئابووری له‌نده‌ن كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ هه‌رێمی كوردستان بووه‌ و كاری له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كردووه‌، له‌ پێگه‌ی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ستراتیجی BESA  نووسیویه‌تی و بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌.



وشە - باز ئه‌حمه‌د