له وڵاتی به‌نگلادیشی هه‌ڵكه‌وتی باشووری رۆژهه‌ڵاتی كیشوه‌ری ئاسیا، شه‌ش وه‌رزی كه‌شوهه‌وا هه‌ستی پێ ده‌كرێت.
هه‌رچه‌نده وا باوه به پێی زانست و هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیا، هه‌ر چوار وه‌رز هه‌یه كه به‌هار و هاوین و پایز و زستانه، به‌ڵام له به‌نگلادیش، شه‌ش وه‌رز هه‌یه.
به‌و پێیه‌ی ده‌كه‌وێته ناوچه‌كانی هێڵی یه‌كسان و ده‌وروبه‌ری، ئه‌و ناوچانه‌یش به دوو وه‌رزدا ده‌ڕوا، كه وه‌رزێكی شێ‌دار و وه‌رزێكی وشكه.
له ناوچه‌كانی نزیك زه‌ریاچه‌ی هیند، سێ وه‌رز هه‌یه، زستان و هاوین و بای وه‌رزی.
هه‌روه‌ها به هۆكاری وابه‌سته‌یی كشتوكاڵ و بازرگانی و نه‌ریته كولتوورییه‌كان، ساڵ له به‌نگلادیش بۆ شه‌ش وه‌رز دابه‌ش كراوه، كه بریتییه له هاوین و به به‌نگلادیشی به "grisma" ناودێر ده‌كرێت، وه‌رزی باوهرزییهكان كه به "barsa" ناو ده‌برێت، وه‌رزی پایز یان خه‌زان، كه به "sharat" ناو ده‌برێت، كۆتاكانی پایز كه به "hemanta" ناو ده‌برێت، وه‌رزی زستان كه له‌و وڵاته به "shit" ناو ده‌برێت، له‌گه‌ڵ به‌هار كه به "basanta"ناو ده‌برێت.
هاوین له ناوه‌ڕاستی ئهپرێلهوه تا ناوه‌ڕاستی یۆنیۆیه، كه‌شوهه‌وا گه‌رم و وشكه، هه‌ندێ كات زریانی توندی له‌گه‌ڵه. وهرزهبا، له ناوه‌ڕاستی یۆنیۆ تا ناوه‌ڕاستی ئۆگستس كه 85%ـی كۆی بارانی ساڵ له‌و وه‌رزه‌دا ده‌بارێت، له وه‌رزی خهزانیشدا پله‌ی گه‌رمی هێدی هێدی دێته خواره‌وه، هه‌روه‌ها شێی خه‌زان له ناوه‌ڕاستی ئۆگستس تا ناوه‌ڕاستی ئۆكتۆبه‌ره، دواتر له ناوه‌ڕاستی ئۆكتۆبه‌ر كه‌شی سارد ده‌ست پێ ده‌كات تا ناوه‌ڕاستی دیسێمبه‌ر، ئه‌وه‌یش به كۆتاكانی پایز ناسراوه.
له ناوه‌ڕاستی دیسێمبه‌ر تا ناوه‌ڕاستی فێبرایه‌ریش زستانه، كه ساردترین وه‌رزی ساڵه له به‌نگلادیش، پله‌ی گه‌رما له 11 – 20 ده‌بێت، به‌ڵام به‌هار له ناوه‌ڕاستی فێبرایه‌ر تا ناوه‌ڕاستی ئه‌پرێل ده‌بێت، كه شه‌پۆلی هه‌وای گه‌رم و زریانی برووكسبار زۆر دووباره ده‌بنه‌وه، به تایبه‌ت دوانیوه‌ڕوان.