مەرجەكانی پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان ئاشكرا كرا

:: AM:09:21:22/06/2019 ‌
مەرجەكانی پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان ئاشكرا دەكرێت و پێنج جۆری ئۆتۆمبێلی جیاواز لە خۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ شەموو 22ـی حوزەیران، عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی گەیاند، پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان بەمنزیكانە بەشێوەی قیست بە مامۆستایان رادەگەیەنین و تەنیا چەند هەنگاوێكی بچووك ماوە.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان گوتی، گفتوگۆ بۆ پێنج جۆری ئۆتۆمبێلەكانی تۆیۆتا كراوە بریتین لە  پرادۆ و بیكاشۆ و یارس و كامیری و فۆرچنەر.

ئاشكرای كرد، لەگەڵ كۆمپانیای بەرپرس لە پێدانی ئۆتۆمبێل گفتوگۆ كراوە چەند مەرجێك دیاری كراوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەدراوە.

خاڵەكانی پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان تا ئێستە گفتوگۆی لەسەر كراوە بریتین لە :

1- ئەوان دەڵێن بەقیستی 36 مانگ ئێمە داوای 40 مانگمان كردووە.

2- داوامان كردووە رێژەی زیادە %6 بێت و بەپێی شەریعەتی ئیسلامی بێت.

3- جۆری ئۆتۆمبیلەكان پێنج جۆری تۆیۆتا دەبێت.

4- قیستی مانگانە لەگەڵ پێدانی مووچەدا دەبێت.

5- لەجیاتی رەهنی خانوو و موڵك، مامۆستا تەنیا كەفیلێكی مووچەخۆری پێویستە.

ماوەی چەند ڕۆژێكە گفتوگۆ لە نێوان یەكێتی مامۆستایانی كوردستان و كۆمپانیایەكی هێنانی ئۆتۆمبێل بەردەوامە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێل بەشێوەی قیست بۆ مامۆستایان دابین بكرێت بەبێ‌ پێشەكی.



وشە - رامیار جەواد