یەكێتی ئەوروپا هەڕەشە لە توركیا دەكات

:: AM:11:13:22/06/2019 ‌

یەكێتی ئەوروپا هەڕەشەی لە توركیا كرد ئەگەر درێژە بە پڕۆژەكانی نزیك دوورگەی قوبرس بدات، ئەوا لەگەڵ هەڵوێستی توندی یەكێتییەكە بەرەوڕوو دەبێت.

قوبرس كەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست كە بەسەر دوو بەشی یۆنانی و توركیادا دابەش بووە و توركیا لەم ناوچەیە بەدوای نەوت و گازدا دەگەڕێت.

بە بۆچوونی ئەوروپا ئەو ناوچەیەی توركیا بەدوای گازی سروشتیدا دەگەرێت بە ناوچەی جێناكۆك هەژمار دەكرێت، بۆیەش بە هەنگاوێكی نایاسایی هەژمار كراوە.

پێشتر سەرۆك وەزیرانی یۆنان داوای لە یەكێتی ئەوروپا كردبوو سزای قورس بەسەر توركیادا بسەپێنێت. بەمدواییە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنساش بەرانبەر بەم كارەی توركیا هەڵوێستی توند بووە.

بەگوێرەی "مێهرنیوز" لە چەند ساڵی رابردوودا یەكێتی ئەوروپا زۆرترین كێشەی لەگەڵ توركیادا هەبووە و پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتە بەرەو ساردی رۆیشتووە.

توركیا پێشتر هەموو هەوڵێكی دا بۆ ئەوەی لە یەكێتی ئەوروپا ببێتە ئەندام، بەڵام بە ئەندام وەرنەگیرا و ئەوروپا بە ئاشكرا بە توركیایان گوت ئەگەر لەسەر ئەم سیاسەتەی بەردەوام بێت، هەرگیز ناتوانێ لە یەكێتی ئەوروپا ببێتە ئەندام.



وشە - سلێمان تاشان