پارتی وەزارەتی پەروه‌ردە ناداتە ھیچ لایەنێك

:: AM:11:33:22/06/2019 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، پارتی وەزارەتی پەروەردە نادات بەھیچ لایەنێك و سەرۆكی راسپێردراوی حكوومەتی نوێش بۆ پێدانی وەزارەتێك سەردانی پێكهاتەكان دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 22ی حوزەیران، د. ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی  ڕاگەیاند، مەسروور بارزانی سەرۆكی راسپێردراوی كابینەی نویی حكوومەت سەردانی سەرجەم لایەنەكانی بەشداری كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم دەكات.

زیاتر روونی دەكاتەوە، لە سەردانەكەیدا بۆ لای پێكهاتەكان وەزارەتێكیان پێ دەدرێت، لەوانەیە ئەو وەزارەتە گواستنەوە و گەیاندن بێت یان وەزارەتێكی تریان پێ بدرێت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دووپاتی دەكاتەوە، وەزارەتی پەروەردە پشكی پارتییە و نادرێتە ھیچ لایەنێكی تر و تەنانەت نادرێتە پێكھاتەكانیش، چونكە پارتی دەیەوێ ئەو وەزارەتە لای خۆی بێت.

هاوكات رۆبینا تەیاری نوێنەری مەسیحییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە" ڕاگەیاند، ئێمە وەزارەت بە مافی خۆمان دەزانین لەگەڵ كۆمەڵێك پۆستی تر و داوامان كردووە وەزارەتی  شارەوانی یان رۆشنبیری بدرێت بەئێمە، بۆیە كاتێك سەردانی ئێمەیان كرد ئەوكات دیار دەبێت چ وەزارەتێكمان پێ دەدرێت.


هەولێر/ بڵند ئیبڕاھیم


وشە - هیدایه‌ت جان