بیتكۆین بەرزترین نرخی لەمساڵدا تۆمار كرد

:: PM:12:07:22/06/2019 ‌

رێك لە دوای ئەوەی فەیسبووك ئاشكرای كرد جۆرێك دراوی ئەلیكترۆنی بە ناوی لیبرا دەخاتە بازاڕەوە، نرخی بیتكۆین لە بازاڕەكان هەڵكشا و بەرزترین بەهای لە ساڵی 2019دا تۆمار كرد. پێشبینی دەكرێ دراوە نوێیەكەی فەیسبووك ببێتە ركابەرێكی سەرسەختی دراوی بیتكۆین كە رۆڵی لە سەرجەم جۆرەكانی تری دراوی ئەلیكترۆنی زیاتر بەرجەستە بووە.

نرخی هەر بیتكۆینێك 10 هەزار دۆلاری تێپەڕاند و ئەمەش لە كاتێكدایە ئەمساڵ لە خوارووی ئەم نرخە فرۆشراوە.

هەمووی دوو رۆژە فەیسبووك پڕۆژەكەی راگەیاندووە و ئامانج لە خستنەڕووی دراوی نوێی لیبراشی بۆ دامەزراندنی ژێرخانێكی دارایی دنیا گەڕاندووەتەوە كە بۆ ملیاران كەس بەسوود بێت و بە ئاسانی دەستی پێ بگات. بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2020ەوە لیبرا بێتە بازاڕەوە و كاری پێ بكرێت.

راگەیەنراوەكەی فەیسبووك نرخی بیتكۆینی هەڵكشاندووە و ئەو جۆرە دراوەش لە كاتێكدا بەرز دەبێتەوە كە ساڵی رابردوو تەنانەت بۆ خوارووی پێنج هەزار دۆلار دابەزیبوو. پێویستە بگوترێت نرخی ئەم دراوە ئەلیكترۆنییە تا 20 هەزار دۆلاریش بەرز بووەتەوە.

یەكێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی بیتكۆین ئەوەیە بە پیچەوانەی دراوی ئاسایی، بە ئاسانی لە لایەن بانك و سیاسەتە داراییەكانی دنیا یاسای بەسەردا پێڕەو ناكرێت و ئەو وڵاتەنی لە ژێر گەمارۆ و سزای ئابووریدان دەتوانن بە پشتبەستن بەو دراوە بەشێك لە پێداویستییەكانی خۆیان دابین بكەن.

یەكەم جار لە ساڵی 2008 پارەی دیجیتاڵی بیتكۆین داهێنرا كە ئەو كات نرخەكەی زۆر كەم بوو و سەرەتا سەد یەكەی ئەو دراوە بە یەك دۆلار بوو، بەڵام دوای ئەوەی خەڵك رووی تێكرد و پەرەی پێ درا نرخی هەریەكەیەك لەو دراوە بەرز بووەوە بۆ سەرووی هەزار و 200 دۆلار و دواتر گەیشتە دوو هەزار و 500 دۆلار.

ئەوكات قوتابییەكی زانكۆی نەرویجی بە ناوی كریستۆفەر كۆچ، پێنج هەزار بیتكۆین دەكڕێت بە 27 دۆلار، ئەو لە بیری دەچێت كە 27 دۆلاری بە بیتكۆین داوە، بەڵام ئەكاونتەكەی هەر دەمێنێتەوە. رۆژێك كە باس و خواستی زیاتری بیتكۆین دێتەپێش سەردانی ئەكاونتەكەی دەكات دەبینێت حیسابەكەی بەرز بووەتەوە بۆ 880 هەزار دۆلار كە خێرا دەیكاتە دۆلار و پارەكە رادەكێشێت، ئەو پەلەی نەكردایە حیسابەكەی بۆ دەیان ملیۆن دۆلار بەرز دەبووەوە.

كەسێكی تر بە ناوی یەرید كێنا پێنج هەزار بیتكۆین بە هەزار دۆلار دەكڕێت، دیارە نرخی هەر بیتكۆینێك 20 سەنت بووە و دوای ماوەیەك بیتكۆین بوو بە 258 دۆلار و بڕی ساماناكەی ئەو بەرز بووەوە بۆ ملیۆنێك و 290 هەزار دۆلار. ئێستە نرخی هەر بیتكۆینێك سەرووی حەوت هەزار دۆلارە.

لە دوای دراوی بیتكۆین جۆرە دراوێكی تری دیجیتاڵی دروست بوو كە تەنانەت كارپێكردنی دراوەكە گەیشتە هەرێمی كوردستانیش. ئەو جۆرە دراوە بە ONECOIN ناسراوە و  لەسەر بنەمای ئەزموونی سەركەوتووی بیتكۆین Bitcoin دامەزراوە كە ئێستە لە ئاستی دنیادا رۆڵی هەیە و ناسراوە و تەنانەت دەگوترێت وەنكۆین هەموو ئەو كەموكورتییانەی كە بیتكۆین هەیبوو وەلاناوە و بە شێوەیەكی پێشكەوتووتر هاتووەتە بازاڕەوە.

دكتۆر رۆژا ئیگناتۆرای بولگاری دامەزرێنەری وەنكۆینە و كۆمپانیای وەنكۆینیش بووەتە كۆمپانیایەكی جیهانی و لە ئەوروپا، باشووری ئاسیا، ئەفریقا، ئەمەریكای لاتین چالاكی هەیە و ئۆفیسی لە ئەوروپا وچین و ئیماڕات كردووەتەوە. ئەو كۆمپانیایە بەشیوەیەكی بەربڵاو گەشەی كردووە بە چەمكێكی تازە و سەردەمییانە كار دەكات و  پلانی ستراتیجی گەورەی داناوە تا ببێتە یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی دراوی دیجیتاڵ.

سیستمەكە دوور لە هەموو جۆرە سنووردانانێكی دەوڵەت و یاسا و بانكی ئابوورییە، چونكە دیجیتاڵە، لە ئابووریدا ئازادە، واتە ئەوە كڕیارەكانێتی دەبنە هۆكاری بەرزكردنەوەی نەك سیستمی وڵاتێك. هەروەها خێراترینە لە گواستنەوەی دراو. هەر بە مۆبایلەكەت دەتوانی سوودی لێ وەربگری. لە حەواڵەی بانكیدا كەس ناچار نییە پارە بە بانك بدات و بە یەك كلیك پارە بۆ كەسێكی تر دەنێری.

بەگشتی ئەو پێگەیەی بیتكۆین هەیەتی هیچ كاتێك وەنكۆین نەیبووە و وەنكۆین ویستی پێش بیتكۆین بكەوێتەوە، بەڵام لە زۆر لە وڵاتانی دنیا كێشەی بۆ دروست كرا و ئەوەش وای كردووە میدیاكانی دنیا كەمتر باس لە وەنكۆین بكەن.

دیار نییە دراوەكەی فەیسبووك دەتوانێت ركابەری ئەم جۆرە دراوانە بكات یان نا و پێ دەچێت لە داهاتوودا بازاڕی ئەم جۆرە دراوانە خۆشتر ببێت. دراوی لیبرا لە سەرەتای 2020 دێتە بازاڕەوە و لەوانەیە ئەو رۆڵەی فەیسبووك لە رووی كۆمەڵایەتی بینیویەتی لەمەودوا لەرووی داراییش بیبینێت.



وشە - سلێمان تاشان