چارەسەركردنی دایكی دووگیان زۆر سەختە و پێویستی بە چاودێرییەكی زیاتر هەیە، وەرگرتنی دەرمان لە كاتی دووگیانیدا بێگومان بەبێ چاودێری پزیشك نابێت ئەگەر دەرمانت بەكار هێنا ئەوە كاریگەریی لاوەكی لەسەر كۆرپەڵە دروست دەكات لە داهاتوودا بەتایبەتی كاتێك ژەمی قوورس بەكار دەهێنرێت. بێهێزی سیستمی بەرگری و كەمخەوی هۆكارە بۆ دروستبوونی هەڵامەت و سەرما لە ژنانی دووگیاندا.
چۆن دەتوانرێت چارەسەری ئەم حاڵەتە بكرێت:
یەكەم: زۆر نوستن، كاتێك دەرمانێكی خێرا وەردەگریت بۆ چارەسەركردنی سەرما و هەڵامەت لە كاتی دووگیانی یان شیرداندا پێویستە نوستنت زیاتر بێت. ژنی دووگیان لەو ماوەیەدا سیستمی بەرگری بێهێز دەبێت، بۆیە زیاتر تووشی سەرما و هەڵامەت دەبێت ئەگەر نوستنت باش بێت لەو ماوەیەدا سیستمی بەرگری دەست بە بەهێزبوون دەكات و لە نەخۆشییە درمییەكان دەتپارێزێت.
دووەم: شلەی زیاتر بخۆ، كاتێك تووشی هەڵامەت و سەرما دەبیت، پێویستە شلەی زیاتر بخۆیت یان لە كاتی شیرداندا چونكە كۆرپەڵە پێویستی بە بڕێكی زیاتر لە شیر هەیە، بۆیە پێویستە بڕی شلە لە لەشدا جێگیر بێت خواردنەوەی ئاو زیاد بكە چونكە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ڤایرۆس لە لەشدا و وا دەكات ڤایرۆسەكە لە رێی پژمینەوە بچێتە دەرەوەی لەش.
سێیەم: هەڵمی گیایی بەكار بهێنە، بەكارهێنانی هەڵم زۆر گونجاوە یارمەتی پاككردنەوەی لووت دەدات. زۆر گرنگە بۆ ژنی دووگیان چونكە هیچ دەرمانێك بەكار ناهێنرێت و زیان بە كۆرپەڵە ناگەیەنێت. تەنیا پێویستە هەندێك ئاو بكوڵێنیت و پاشان چەند دڵۆپێك زەیتی نەعناع بۆ زیاد بكە دواتر هەڵمی ئاوەكە لە رێی لووتەوە هەڵبمژرەوە بەم شێوەیە رێڕەوی لووت پاك دەكاتەوە و كۆتایی بە سەرما و هەڵامەت دەهێنێت.
چوارەم: ڤیتامین سی زیاتر بەكار بهێنە، بۆ ئەوەی تووشی هەڵامەت نەبیت، ئەوە باشتر وایە بڕێكی زیاتر ڤیتامین سی بەكار بهێنیت لە ژەمەكانی رۆژانەدا. باشتر وایە تووتڕك و كاڵەك و برۆكلی و میوە مزرەكان بەكار بهێنرێت بۆ دەستكەوتنی ڤیتامین یان لە رێی كەپسوولەوە بەكار بهێنرێت، بەڵام پێویستە سەرەتا لە ژێر چاودێری پزیشك بڕی ڤیتامین سییەكە دیاری بكرێت.
پێنجەم: سیر، چارەسەرێكی ترە دەتوانرێ بەكار بهێنرێت لە ماوەی دووگیانی یان شیرداندا بۆ چارەسەركردنی هەڵامەت و سەرما سیرە. چونكە توانای هەیە سیستمی بەرگری بەهێز بكات وە رێ لە نەخۆشییە درمییەكان دەگرێت. دەتوانرێت لە دروستكردنی خواردن یان راستەوخۆ بخورێت.