"شەڕفرۆشی ئێران ئاماژەی سەركەوتنی جەنگی ئابووری ئەمەریكایە"

:: PM:05:35:22/06/2019 ‌

لەو كاتەی زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە و كەنداو و رووسیا و هیتریش خوازیارن ئەمەریكا بكەوێتە ناو جەنگێكەوە و لە جەنگی ئابووری هەموو دنیا سەرقاڵ بێت و باری ئەوان سووك بێت و ئابووری ئەمەریكا و بەرژەوەندییەكانی و داهاتووی دۆناڵد ترەمپ و دۆخی ناوخۆیی گەشەسەندووی ئەمەریكا بكەوێتەوە لاوازی و ژێر هەڕشەوە، دۆناڵد ترەمپ هاتەوە رەوتی كاری جارانی و جەنگی ئابووری ئێرانی پێ باشترە، لەوكاتەی چاودێران پێشبینی گۆڕانی جەنگەكە بە شێوەیەك كە جارێكیتر ئێران بواری كردنە ئامانجی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكای نەبێت. 

لەوكاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمەریكا لەلایەن ئێرانەوە، رای گەیاند كە بەنیاز بوون سێ ئامانجی ئێرانی بپێكن، بەڵام بەهۆی بوونە قوربانی 150 كەس بەر لە ماوەیەكی كەم هێرشەكەی هەڵوەشاندووەتەوە، دیپلۆماتكارانی ئەمەریكا رایان گەیاند كە داوای كۆبوونەوەیەكی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایشیان كردووە بۆ باسكردنی ئەو پرسە و هێرشەكانی دوایی ئێران بۆ سەر كەشتییەكانی نەوتهەڵگر لە كەنداو و دەریای عومان، ئەوەش وەك هەوڵێكی ئەمەریكا بۆ تاوانبار دەرخستنی ئێران لەپێش كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەوەی شایەنی رێوشوێنە سزاییەكانی ئەمەریكایە و ئێران وڵاتێكی خراپەكارە و هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەكە و ئابووری دنیا.

ئینتفاز قەنبەر، سەرۆكی دامەزراوەی موستەقبەل لە واشنتن لەو بارەوە دەڵێت، تا ئێستەش ئەگەر ی هەڵگیرسانی جەنگ بەردەوامە و ئەمەریكا مافی وڵامدانەوە بۆ خۆی جێدێڵێت، ترەمپ لە تویتێكدا گوتی كە لە جەنەڕاڵێكی پرسییە كە ئاخۆ هێرشەكە چەند قوربانی لێ دەكەوێتەوە و گوتوویەتی 150، بۆیە داوام كردووە هێرشەكە بێتە وەستان كە لەگەڵ خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەواندا ناگونجێت، راستییەكەی ترەمپ خاوەنی چەكی سزاكانی سەر ئێرانە كە زۆر كاریگەرە.

زیاتر گوتی، بێگومان ئەمەریكا لە ئێران دەدات لەوكاتەی بە گونجاوی دانێت، ئێستە لە هەردوو وڵات ئامادەسازی هەیە و فەرماندەكانی پنتاگۆن راپۆرتی خۆیان لەبارەی خراپترین بژارەكان بە ترەمپ داوە، تێپەڕبوونی كات ئێستە لەبەرژەوەندی ئێران نییە، بە پێچەوانەوە لە بەرژەوەندی ئەمەریكادایە، دووپاتی كردەوە كۆنگرێسی ئەمەریكا دەسەڵاتی بەسەر فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا نییە كە ترەمپە، ئەو توانای بەكارهێنانی بۆمبی ئەتۆمیشی هەیە و ئەوەی دەگوترێت رێگەی پێ نادرێت راست نییە، بۆیە ئەو دەتوانێت ئەگەری وای بینی كە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لە مەترسیدایە، لەهەر كات و بە هەر شێوە و چەكێك لە هەر شوێنێك، وڵام بداتەوە و چەك بەكار بێنێت. 

قەنبەر روونی كردەوە، ئێران دەیەوێت جەنگ دروست بێت و یارییەكە تێكبدات، تەواو وەك ئەو كەسە وایە دەخنكێت و پەل داوێت، بازنەكان لە دەورەی ئێران خەریكە تەسكتر دەبێتەوە و بەم دواییە بەقاچاغفرۆشتنی نەوت لە رێگەی عێراق دۆزرایەوە، دوای ئەوەی ترەمپ بڕیاری وڵامدانەوەی ئێرانی وەستاند سزای نوێی بەسەردا سەپاندن، بۆیە ئێران خەریكە دەخنكێت و باش دەزانێت كە تاكە چارەسەری ئەوەیە كە جەنگێك دروست بكات و رای گشتی ناوخۆی ئەو وڵاتە بۆ خۆی رابكێشێت وەك ئەوەی لە جەنگی لەگەڵ عێراق دروستی كرد لەوكاتەی لە ئێران برسیەتی و بێزاری و توڕەیی لەدژی حكوومەتەكەی هەیە، بۆیە بۆ ئێران پرسی هەڵگیرسانی جەنگ باشترین و تاكە چارەسەرە.

ئەو سیاسەتوانەی عێراق دووپاتی كردەوە، هەرچی بۆ ترەمپ و ئەمەریكایە جەنگ بژارەیەكە و وەك زانستی سەربازیش زانراوە ئەوە لایەنەی كە كلیلی جەنگی بەدەستەوەیە و كاتەكەی دیاری دەكات، ئەو سەركەوتوو دەبێت، ئەوەیشی ناچارە دۆڕاوەكەیە و ئێستەش ئێران ناچارە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ، لەوكاتەی ترەمپ كلیلی جەنگ و سزاكانی بەدەستەوەیە، هەرچی ئەوەی باس دەكرێت سەركەوتنێكی مەعنەوەیە بۆ ئێران و پاسداران، ئەوە هیچ بەهایەكی نییە ئەگەر پاڵپشتی داراییت نەبێت كە سوپای پاسدارانی نیوەی داهاتی ئێران دەبات و ئێستەش ئێران مایەپووچە، بۆیە ئەوەی دەگوترێت لە هەڕەشە و جەنگ هەمووی بۆ شاردنەوەی بابەتی سەرەكییە كە سزاكانی سەر ئێرانە، بۆیە ئەوانەی روو دەدەن سزاكان لا دەبەن، بێگومان نەخێر، بۆیە تا دێت ئێران زیاتر دەخنكێت و كاریگەری زیاتر دەبێت، بۆیە ئەمڕۆ ئێران لەناو تەنگژەیەكی گەورەی داراییە.

ئاماژەی كرد، ئێران شۆڕشەكەی بۆ دەرەوە لە رێگەی ئیمام حوسێن و مەهدی مونتەزەر هەناردە ناكات، بەڵكو بە دۆلار هەناردەی دەكات و پاڵپشتی دارای لە میلیشیاكانی لە دنیا دەكات، بۆیە ئەگەر دۆلاری نەما ئەوانیش نامێنن و لێی دوور دەكەنەوە، بۆ نموونە یەكێتی سۆڤیەت لە رێگەی جەنگەوە نەڕووخا، بەڵكو ئەوكاتە رووخا كە چوونە ناو جەنگی ئەستێرەكان كە یارییەكی ئەمەریكا بوو و خستییە ناوییەوە، بۆیە ئەو دابڕانەی تووشی هاتەوە رووخاندی كە خاوەنی شەش هەزار كڵاوەی ئەتۆمی بوو، ئێران لەچاو یەكێتی سۆڤیەت زۆر بچووكە و لە سایەی لاوازیی داراییدا ئەویش دەرووخێت و ئەوكات دەبێتە ئەفسانەیەك بە هاوشێوەی یەكێتی سۆڤیەت باسی دەكەین.

دووپاتی كردەوە كە باسی جەنگ دەكەین مانای ئەوە نییە ئەمەریكا خاكی ئێران داگیر دەكات وەك چۆن عێراقی داگیر كرد، بەڵكو ئەگەر رووی دا سیستەمەكانی پێوەندیكردن و سوپای پاسداران و سەركردایەتییەكەی و هێزی دەرەیاوانی ئێران دەكرێتە ئامانج تا ئاستی پەكخستن، بۆیە تاكە یاری كە ئێران دەتوانێت بیكات شەڕفرۆشتنە بە ئەمەریكا و دەرخستنی هێزەكەیەتی لەپێش بنكە جەماوەرییەكەی و میلیشیاكانی پاڵپشتیان دەكات، هاوكات دەیەوێت دەرچەیەك لە سزاكانی سەری دروست بكات.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل