چەندان ملیۆن دۆلار لە دەستەی گشتی گومرگی عێراق بەهەدەر دەدرێت

:: PM:07:31:22/06/2019 ‌

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە بەهەدەردانێكی زۆر لە داهاتی گشتی لە دەستەی گشتی گومرگی عێراق هەیە كە بە چەندان ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و ئەوان لێی بێ دەنگ نابن.

ئەحمەد مەزهەر جبووری ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، دەستەی گشتی گومرگی عێراق بەدەست چەندان پێشێلكاری گەورەوە دەناڵێنێت و بەهەدەردانێكی زۆری سامانی گشتی هەیە كە بە چەندان ملیۆن دۆلار دێتە خەمڵاندن. 

زیاتر گوتی، لیژنەی دارایی پەرلەمان بە رژدی كار بۆ وەستاندنی ئەو بەهەدەردانەی سامانی گشتی دەكات و چەندان رێوشوێنی یەكلاكەرەوە وەردەگرێت لە ماوەی داهاتوودا بۆ راستكردنەوەی دۆخەكە و دووپاتی كردەوە، بۆیە دۆخەكە پێویستی بە پاڵپشتی نیشتیمانی هەیە بۆ پاراستنی سامانی وڵات لە نەهەنگەكانی گەندەڵی. بۆیە داوا لە ئەنجوومەنی باڵای نەهێشتنی گەندەڵی دەكەین ئەو دۆسیە بكاتە لەپێشینەی كارەكانی.


13ی ئەم مانگە ریاز محەمەد پەرلەمانتاری عێراق رای گەیاند، داهاتی ساڵانەی گومرگەكان لە دەروازە سنوورییەكان لە سەرانسەری وڵات دەگاتە نزیكەی 10 ملیار دۆلار، روونی كردەوە، كەچی راپۆرتی داهاتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەوان تەنیا یەك ملیار دۆلار دەدەن بە حكوومەت.

زیاتر گوتی، نۆ ملیار دۆلار چارەنووسی نادیارە و لەناو داهاتی هاتوو بۆ گەنجینەی حكوومەت باسی لێوە نەكراوە، ئەو پەرلەمانتارە داوای كرد كە لێكۆڵینەوە لەلایەن چاودێری دارایی و لایەنی بەرپرسیار بكرێت بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەو پارانە. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل