پلانی ئابووری ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا دەبێت

:: PM:07:39:22/06/2019 ‌
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی ئاشكرا كراون، پلانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە خەرجكردنی 50 ملیار دۆلار دەبینێتەوە و دەیەوێت لە رێگەی پڕۆژەی ئابووری، ئاشتی و سەقامگیری جێگیر بكات. كۆشكی سپی دەڵێ، حكوومەتی ئیسڕائیل داوەتی كۆنگرەی مەنامە نەكراوە بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی فەڵەستین بەشداری ناكەن.

ئەمڕۆ شەموو 22ی حوزەیران، بەرپرسانی ئەمەریكی لە بارەی پلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەیان، ئاماژە بەوە دەدەن كە ئیدارەی كۆشكی سپی مەبەستیەتی لە رێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان بە بەهای 50 ملیار دۆلار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و خەرجكردنی پێنج ملیار دۆلار بۆ بەستنەوەی بەشی غەززە و رۆژئاوای فەڵەستین، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسەپێنێت.
(رۆیتەرز) لە راپۆرتێكیدا بە پشت بەستن بەو بەڵگەنامانەی دەستی كەوتووە، لەگەڵ بۆچوونی بەرپرسانی ئەمەریكا، پلانی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشكرا دەكات و دەڵێ، پلانی یەكەمی ئابوورییە بە مەبەستی دەستپێ كردنەوەی پڕۆسەی ئاشتەوایی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین.

بەگوێرەی بەڵگەنامەكان، پلانەكە خۆی لە ئەنجامدانی 179 پڕۆژەی ژێرخانی و سێكتەری تایبەت دەبینێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا جارید كۆشنەر زاوا و گەورە راوێژكاری سەرۆك، بە ناوی پلانی ترەمپ لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لەم هەفتەیەدا لە بەحرێن ئاشكرای بكات.

بەگوێرەی پلانەكە، نیوەی زیاتری ئەو 50 ملیار دۆلارە لە رێگەی پڕۆژەی جیاوازەوە لەسەر خاكی فەڵەستینییەكان لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا خەرج دەكرێت، ئەوەیشی دەمێنێتەوە لە لبنان و میسڕ و ئوردن خەرج دەكرێت، لەوانە دروستكردنی هەندێك پڕۆژە لە نیمچە دوورگەی سینای میسڕی كە دەكرێت فەڵەستنییەكان و میسڕییەكان سوودی لێ وەربگرن.

كۆشنەر لە پڕۆژەی ترەمپ، پێنیشار دەكات ملیارێك دۆلار لە سێكتەری گەشتیاری فەڵەستینی خەرج بكرێت، ئەگەرچی ئەو بیرۆكەیە رەنگە ئاستەم بێت بەهۆی بوونی رووبەڕوو بوونەوەی ناوە ناوەی چەكداری نێوان سوپای ئیسڕائیل و چەكدارانی بزووتنەوەی حەماس.
كۆشنەر بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، دەخوازین ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا، وڵاتانی تریش پشتگیری لێ بكەن و وەبەرهێنانی تێدا بكەن، بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی كەنداو كە دەوڵەمەندن.

ئاشكرا كردنی پلانی ئابووری ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای دوو ساڵ لە گفتوگۆی بەردەوام دێت، ئامانجیش تێیدا سەپاندنی ئاشتییەكی بەردەوامە لەنێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین، بەڵام تا ئێستە فەڵەستینییەكان رەتی دەكەنەوە بەشداری لە كۆنگرەكەش بكەن و ئامادەنیش نین گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بكەن پاش ئەوەی بڕیاری دانپێدانانی دەركرد بەوەی قودس پایتەختی ئیسڕائیلە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017.
كۆشنەر لە دوو دیمانەی جیاوازدا لەگەڵ رۆیتەرز، پێی وایە پلانەكەی ترەمپ بنەماكانی یاریكردنەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت ئەگەرچی زۆرێك لە شارەزایان پێیان وایە كە پڕۆژەكە رۆشنایی نابینێت و سەركەوتوو نابێت، گوتی "سەركردە فەڵەستینییەكان پلانەكە رەت دەكەنەوە و پێیان وایە هەوڵێكە بۆ لەناوبردنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینی، بەڵام ئەمە دەرفەتی سەدەیە بۆ فەڵەستینییەكان ئەگەر بوێری پابەند بوونیان پێیەوە هەبێت".

زیاتر گوتی "هەندێك لە بەرپرسانی بڕیار بەدەستی فەڵەستینی لە سێكتەری بازرگانیدا، دووپاتیان لە بەشداری لە كۆنگرەكە كردووەتەوە، بەڵام نایانەوێت جارێ ناوەكانیان ئاشكرا بكرێت، ئەوان بازرگانن".

لە بەدواداچوونێكی رۆیتەرز، یەكێك لە بازرگانە فەڵەستینییەكانی دانیشتووتی رامەڵلا دەڵێ، زۆرینەی بازرگانەكان بەشداری لە كۆنگرەكە ناكەن.

بەڵام بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی و كەنداو بەشداری لە كۆنگرەكە دەكەن، لەوانە عەرەبستانی سعوودیە، كۆنگرەكەش رۆژانی 25 و 26ی ئەم مانگە لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن ئەنجام دەدرێت، وەك یەكەم هەنگاوی پلانی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 كۆشكی سپی لەسەر پلانەكە دەڵێت، حكوومەتی ئیسڕائیلی بانگهێشتی كۆنگرەكە نەكراوە بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی فەڵەستینیش بەشداری لە كۆنگرەكە ناكەن، بۆیە لە جێگەی حكوومەت ئەوا شاندێكی بازرگانانی ئیسڕائیلی هاوشانی شاندێكی بازرگانانی فەڵەستینی بەشداری تێدا دەكەن.

جێی بیرخستنەوەیە، جارید كۆشنەر گەورە راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ئامادەكاری بۆ پلانی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، ئامانجی یەكەمی ئیدارەی ترەمپ سەپاندنی ئاشتی یەكجارەكییە لەنێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین، ئەگەرچی چاوەڕوان دەكرا لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەڵەستین پێشوازی لەو هەوڵەی ترەمپ بكرێت بەڵام بڕیارەكەی مانگی كانوونی یەكەمی 2017 كە قودسی بە پایتەختی ئیسڕائیل ناساند، توڕەیی فەڵەستینییەكانی لێكەوتەوە و بایكۆتی هەوڵەكانی ترەمپیان كرد.

ئەمەریكا چەندان دەیەیە سەرپەرشتی دۆسیەی گفتوگۆی ئاشتەوایی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین دەكات، ئەگەرچی چەند رێككەوتنێك لەنێوان هەردوولا بەسەرپەرشتی ئەمەریكا واژوو كراوە، دیارترینیان، رێككەوتنی كامپ دەیڤیدە، بەڵام نەیتوانیوە چارەسەری كێشەی ئەو دوو وڵاتە بكات.

پلانەكەی ترەمپ لە پلانی ئیدارەكانی پێش خۆی جیاوازترە، ئەو دەیەوێت لە رێگەی پڕۆژەی ئابووری و ئاوەدان كردنەوە و بەرز كردنەوەی بژێوی ژیان، پلانە سیاسییەكەی جێبەجێ بكات، بەڵام هێشتا فەڵەستینییەكان رەتی دەكەنەوە.


وشە - فه‌رمان سادق