جیاواز لەساڵانی رابردوو ئەمساڵ لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، هۆشداری دەدرێتە زیادبوونی مار و بەرپرسانی تەندروستیش چەند رێنوێنیەك لەوبارەیەوە بڵاو دەكەنەوە.
دیلان كەمال جووتیار و دانیشتووی شارۆكەی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، لەم وەرزەدا كە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە جووتیارانی ناوچەكەمان دەچنە زەویە كشتوكاڵییەكانیان و سەرقاڵی كاركردنن، بەڵام زۆربوونی رێژەی مار بەجارێك نیگەرانی كردووین و مەترسی لەسەر ژیانمان دروست كردووە.
روونیشی كردەوە كە رۆژانە بە دەیان مار دەبینین كە بەشێكیان گەورە و ئەوانی تریش بچووكن و زۆرترین رێَژەی ماریش بریتییە لە"رەش مار"، كە زۆر مەترسیدارە.
هاوكات لوقمان لەتیف لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، هەردوو دەرزی پێوەدانی مار و دووپشكمان لەلایە وەك دەرزی (ئەمپور و ئەنتی سمەیج) و كۆمەڵێك دەرمانی تر، ئەوەیش بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی مار لە سنوورەكە.
بەرپرسەكەی تەندروستی گوتی، داواكارین تا دەتوانن هاووڵاتیان دووربكەونەوە لەهەر شوێنێك كە گژوگیای زۆرە بەتایبەتی كەسێك یان جووتیارێك ئەگەر زۆر ناچار نەبێت بۆ گیا دووروینەوەش نەبێت نەچێتە ئەو شوێنانە، هەروەها ئەگەر كەسێك حاڵەتی پێوەدانی هەبوو پێویستە بە زووترین كات بگەیەندرێتە نزیكترین بنكە یان مەڵبەندی تەندروستی گوند و شارەدێییەكان.
ساڵی رابردوو بەشێوەیەكی گشتی نزیكەی 50 حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشك تۆماركراون و بۆ ئەمساڵیش رێژەكە زۆرتر دەبێت و لەسەرەتای مانگی داهاتوودا، هی هەر شەش مانگەكە ئاشكرا دەكەین.
شارۆكەی پێنجوێن نزیكەی 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانییەوە دوورە و بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنەكەیەوە، خاوەنی ناوچەیەكی بەرفراوانی دارستان و پوش و پەڵاشە و ئەوەش وایكردووە زیاتر مارەكان لەناویدا خۆیان حەشاربدەن.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی