بڕیارە ئەمڕۆ بەدروشمی " تاوانباران ئازاد مەكەن" لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی ئەنجام بدرێت بۆ گرتنی تۆمەتبارانی دەستدرێژی كردنە سەر منداڵێكی هەشت ساڵان.
ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی حوزەیران، بەپێی بانگێشتنامەی ژمارەیەك لە چالاكوانان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت بە دروشمی تاوانباران ئازاد مەكەن.
ئەوەیش لە كاتێكە هەفتەی ڕابردوو ئەو كەسانەی دەستدرێژییان كردبووە سەر لاڤانی هەشت ساڵان بە كەفالەت ئازاد كرابوون.
ڕۆژی پێنجشەم 20ـی حوزەیران، ڕێبین سەباح پارێزەری كەیسی لاڤانی تەمەن هەشت ساڵان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای ئازادكردنی تۆمەتبارانی كەیسی لاڤان لەلایەن دادگاوە، بڕیارە ڕۆژی یەكشەم تانە لە بڕیارەكە بدەین لە دادگای هەولێر بۆ ئەوەی بگیرێنەوە، چونكە تۆمەتەكەیان بەپێی یاسا نابێت ئازاد بكرێن تا ڕۆژی دادگایی.
پارێزەرەكە گوتی، تۆمەتبارانی كەیسەكە داوای سوڵحی عەشایریان لە باوكی لاڤان كردووە تا سكاڵاكەی لە دادگا بكێشێتەوە و باوكیش ڕەتی دەكاتەوە ئەو سكاڵایە بكێشێتەوە.
زیاتر ڕووونی كردەوە، پێویستە تۆمەتبارەكان بگیرێنەوە بەخێرایی بۆ ئەوەی هەڕەشە لە باوكی لاڤان نەكەن و یان بۆ دەرەوەی وڵات ڕانەكەن.
ڕۆژی چوارشەم لوقمان ئیسماعیل باوكی لاڤان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، دوو پیاو بەهاوكاریی زڕدایكی "لاڤان"ـی هەشت ساڵان و زڕپوورەكەی لە 4/3/2019 كچەكەمیان ڕفاند و پاش سێ سەعات دۆزیمانەوە، دوای پشكنینی پزیشكیی دەركەوت لاڤان دەستدێژیی كراوەتە سەر، منیش سكاڵام لەسەر تۆمار كردن و لەلایەن پۆلیسەوە گیراون و ددانیان بە تاوانەكەیاندا نا.
باوكی لاڤان گوتی، زانیاریم پێ گەیشتووە كە تۆمەتبارەكان ئازاد كراون، بۆیە سەردانی بنكەی پۆلیسی ڕاستیم كرد و بۆم دەركەوت بە بڕیاری دادگا و بە كەفالەت ئازاد كراون.
ئاشكرای كرد، بەرپرسێكی حزبی لە پشت ئازادكردنی تۆمەتبارانی دەستدرێژیی سەر لاڤانن، بۆیە داوا دەكەم دۆسیەی كچەكەم بە ڕێڕەوی یاسایی خۆیدا بڕوات، بۆ ئەوەی كێشەی كۆمەڵایەتیی گەورەتری لێ نەكەوێتەوە.
لاڤان لوقمان تەمەن هەشت ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێر، لە 4/3/2019 لەلایەن دوو پیاوەوە و بە هاوكاریی دوو ژن دەستدرێژیی كرابووە سەر، تۆمەتبارەكان لە 14/4/2019 گیران و لە بنكەی پۆلیس دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە، بەڵام لە 17/6/2019 ئازاد كراون.