بازرگانەكانی ئەمەریكا سەردانی هەولێر دەكەن

:: AM:08:25:23/06/2019 ‌
بڕیارە ژمارەیەك لە بازرگانانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەمڕۆ بگەنە هەولێر و لەیەكگەیشتنێك لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی كوردستان واژوو بكەن.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی حوزەیران، ئەسكەندەر محەمەد گوتەبێژی یەكێتیی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر شاندێك لە بازرگانانی ئەمەریكا دەگەنە هەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵێك مەبەست.

گوتەبێژی یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكان گوتی، ئەمڕۆ لە ژووری بازرگانی پڕۆتۆكۆڵێكی لەیەكگەیشتن لە نێوان یەكێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان و یەكێیی ژووری بازرگانی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا واژوو دەكرێت.

ڕوونی كردەوە، جگە لە واژووكردنی لەیەكگەیشتنەكە ئەو شاندەی بازرگانانی ئەمەریكا بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی دۆخی بازرگانی لە كوردستان زنجیرەیەك كۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، هەروەها كۆڕبەندێكی ئابووری و گفتوگۆی دوو لایەنەی بازرگانانی كوردستان و ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت.

هاتنی ئەو شاندەی ئەمەریكا لە كاتێكە هەرێمی كوردستان لەسەرەتای ئەمساڵ دۆخی ئابووری بەرەو باشتربوون چووە و چەندان كۆمپانیایی بیانی گەڕاونەتەوە بەمەبەستی بازرگانی كردن و وەبەرهێنان.





وشە - رامیار جەواد