له‌ كوردستان نزیكه‌ى سێ هه‌زار ناسنامه‌ى نیشته‌جێبوون دراوه‌ به‌ ئاواره‌ و هاووڵاتییانى بیانى

:: PM:04:34:10/01/2017 ‌
به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ره‌گه‌زنامه‌ى بارى شارستانى هه‌رێمى كوردستان، ئامارى ساڵى رابردووى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یانى بڵاو كرده‌وه‌ و رای گه‌یاند، 285 هه‌زار و 494 ناسنامه‌ى نیشته‌جێبوون دراوه‌ به‌و ئاواره‌ و هاووڵاتییانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو هه‌رێمى كوردستان.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م دلێر ئه‌حمه‌د كاكۆ، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ره‌گه‌زنامه‌ى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانیدا ئامارى ره‌گه‌زنامه‌ى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستانى له‌ ماوه‌ى ساڵى 2016 ڕاگه‌یاند و گوتى، له‌ ساڵى 2016دا له‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم، به‌ گشتى 123 هه‌زار و 183 ره‌گه‌زنامه‌ دراوه‌ته‌ هاووڵاتییان به‌جۆرێك له‌ هه‌ولێر 170 هه‌زار و 300 ره‌گه‌زنامه‌ و له‌ سلێمانى 101 هه‌زار و 500 ره‌گه‌زنامه‌ و له‌ دهۆك 122 هه‌زار و 900 ره‌گه‌زنامه‌ و یه‌كه‌ی كارگێڕیى گه‌رمیانیش 32 هه‌زار و 700 ره‌گه‌زنامه‌ بووه‌، له‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم 304 هه‌زار و 466 ناسنامه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان  دراوه‌ته‌ هاووڵاتییان.

له‌باره‌ى پێدانى پاسه‌پۆرتیش به‌هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ره‌گه‌زنامه‌ى هه‌رێمى كوردستان گوتى، له‌ هه‌ولێر 117 هه‌زار و 709 پاسه‌پۆرت و سلێمانى 102 هه‌زار و 920 پاسه‌پۆرت و دهۆك 86 هه‌زار و 471 پاسه‌پۆرت دراوه‌ به‌هاووڵاتییان كه‌ كۆى گشتى ژماره‌ى ده‌رهێنانى پاسه‌پۆرت له‌ 2016دا 307 هه‌زار و 109 پاسه‌پۆرت بووه‌ كه‌ له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانى هه‌رێم دراوه‌ به‌ هاووڵاتییان.

دلێر ئه‌حمه‌د ئاشكراى كرد، له‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێم 38 هه‌زار و 410 كارتى زانیارى دراوه‌ به‌ هاووڵاتییان.

له‌باره‌ى ئه‌و هاووڵاتییانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان هاتوون و له‌ شاره‌كانى هه‌رێم نیشته‌جێ بوون، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ره‌گه‌زنامه‌ى هه‌رێمى كوردستان رای گه‌یاند، له‌ به‌شى نشینگه‌كانى پارێزگاكانى هه‌رێم، 285 هه‌زار و 494 ناسنامه‌ى نیشته‌جێبوون دراوه‌ به‌و ئاواره‌ و هاووڵاتییانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ناو هه‌رێمى كوردستان، به‌جۆرێك له‌ هه‌ولێر 111 هه‌زار و 739 ناسنامه‌ و دهۆك 161 هه‌زار و 236 ناسنامه‌ و سلێمانیش 12 هه‌زار و 519 ناسنامه‌ ده‌رهێنراوه‌".

بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و ئامارانه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ى میكانیزمى جیاوازه‌وه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاسانكارى ده‌كات بۆ پێدانى پاسه‌پۆرت بۆ هاووڵاتییانى هه‌رێم، هاوكات به‌هۆى جێگیرى بارى ته‌ناهیی هاووڵاتییان له‌ ناوه‌ڕاستى عێراق، بۆ نیشته‌جێبوون روو له‌ شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم