ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو جارێكى تر رووبه‌ڕووى ئه‌ردۆغان ده‌بێته‌وه‌

:: PM:12:22:23/06/2019 ‌
ئه‌و ساته‌ بۆ ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵوى كاندیدى سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى ئیستانبوڵ له‌ خه‌ونێك ده‌چوو، كاتێك مانگى رابردوو كاروانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى به‌ شه‌قامه‌كانى ئیستانبوڵ تێده‌په‌ڕى، له‌ته‌نیشتیه‌وه‌ منداڵێك ته‌مه‌نى 13 ساڵى به‌ زمانى توركى هاوارى كرد "برا گه‌وره‌ هه‌موو شتێك باش ده‌بێ".

 له‌و كاته‌دا ئه‌كره‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كى كرد و به‌ تیمه‌كه‌ى گوت "رێك ئه‌مه‌یه‌، بژى" دواتر وشه‌كانى ئه‌م منداڵه‌ "هه‌موو شتێك باش ده‌بێ" بووه‌ دروشمى كاندیدى ئۆپۆزسیۆن بۆ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى ئیستانبوڵ. 

توركیا له‌ ساڵانى رابردوودا به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك كێشه‌ ناڵاندوویه‌تى، له‌وانه‌ هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كان، هه‌وڵى كوده‌تا، تێوه‌گلان له‌ جه‌نگى سووریا، ئه‌مه‌شیان توركیاى رووبه‌ڕووى چه‌ند ته‌وژمێكى ئاواران بووه‌، ئێسته‌یش كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر ده‌م ململانێیه‌كانى سه‌رۆك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، جا ململانێیه‌كانى بۆ پشتگیرى ئه‌و بێت یان له‌ دژى بێت.

 ئۆپۆزسیۆن كارى بۆ گه‌شبینى ده‌كرد، له‌ دروشمى كاندیده‌كه‌ و كاندیده‌كه‌ خۆیشی ئه‌م گه‌شبینیه‌یان به‌دى كرد.

ده‌ركه‌وتنى ركابه‌رى سه‌رۆكى توركیا
 ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵوى ته‌مه‌ن 49 ساڵ پێشتر نه‌ناسراو بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ساڵى 2009 پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغانى به‌دۆڕاند دابوو، ئه‌و توانی سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى گه‌ره‌كى بیلیكدۆزو بكات له‌ به‌رى ئه‌وروپاى ئیستانبوڵ، بۆیه‌ لایه‌نگرانى ئومێدى ئه‌نجامێكى ئه‌رێنى لێ ده‌خوازن بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر ببێته‌وه‌ سه‌رۆكى شاره‌وانى ئیستانبوڵ.

 هه‌ڵبژادرنى شاره‌وانى كه‌ له‌ مانگى ئادار به‌ڕێوه‌ چوو سه‌خت بوو، ئیمامئۆغڵو رووبه‌ڕووى بناڵى یه‌ڵدرمى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو بووه‌وه‌ كه‌ كاندیدى ئاكپارتى بوو بۆ سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى، یه‌ڵدرم له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ پاڵپشتییه‌كى زۆرى لێ ده‌كرا، به‌ ته‌واوى میدیاكانى توركیایشه‌وه‌.

 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو توانى سه‌ركه‌وتنێكى سه‌خت به‌ده‌ست بهێنى به‌ جیاوازییه‌كى كه‌م پێش ركابه‌ره‌ تونده‌كه‌ى بكه‌وێ، ئه‌ویش ته‌نیا 13 هه‌زار ده‌نگ له‌ كۆى هه‌ڵبژاردنى شارێك كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ى زیاتر له‌ 15 ملیۆن كه‌سه‌.

 حكوومه‌ت ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ره‌ت كرده‌وه‌، به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى ره‌وا نییه‌ و ده‌نگى خه‌ڵك دزراوه‌، كه‌چى له‌ ته‌واوى ناوچه‌كانى ئیستانبوڵ هه‌ڵبژاردن به‌ یه‌ك شێواز و له‌ یه‌ك بارودۆخ به‌ڕێوه‌ چوو و له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كرا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكوومه‌ت بیانووى له‌و ئه‌نجامانه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌ندامانى حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغانى سه‌ر ده‌خست.

بۆیه‌ دواجار لیژنه‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیارى دا جارێكى تر هه‌ڵبژاردنى ئیستانبوڵ دووباره‌ بكرێته‌وه‌ و ئۆپۆزسیۆنیش ده‌ڵێ ئه‌م بڕیاره‌ به‌ گوشارى ره‌جب ته‌یب ئه‌ردۆغان خۆی بوو.

 ئایا مه‌زنده‌كه‌ى ئه‌ردۆغان دوو بوو؟
 ئه‌ردۆغان له‌ ئیستانبوڵ له‌ دایك بووه‌، بۆیه‌ نایه‌وێ به‌ ئاسانى ئه‌م شاره‌ له‌ ده‌ست بدات، به‌تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت ئه‌م شاره‌ بزوێنه‌رى ئابوورى توركیایه‌. 

 بۆیه‌ له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردن و پشتگیریكردن له‌ بناڵى یه‌ڵدرم گوتى، "ئه‌وه‌ى له‌ ئیستانبوڵ براوه‌ بێت له‌ هه‌موو توركیا براوه‌یه‌". به‌ڵام كاتێك دانیشتووانى گه‌وره‌ترین شارى توركیا ئه‌مڕۆ بۆ دووه‌م جار له‌ ماوه‌ى سێ مانگدا به‌ره‌و سندووقه‌كانى ده‌نگدان ده‌چن، ئایا ئه‌ردۆغان له‌ مه‌زنده‌كه‌ى دوور رۆیشتووه‌.

سه‌رجه‌م ئه‌و راپرسییانه‌ى ئه‌نجام دراون، ده‌رى ده‌خه‌ن ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو به‌رێژه‌یه‌كى زۆر پێش كاندیدى حكوومه‌تى توركیا ده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌یش له‌ سایه‌ى ئه‌و ته‌نگژه‌ ئابوورییه‌ى وڵاته‌كه‌ تێیدا ده‌ژى، هه‌ڵاوسان به‌ رێژه‌ى%20 به‌رز بووه‌ته‌وه‌، به‌هاى دراوى توركى به‌ رێژه‌ى سێیه‌كى دابه‌زیوه‌ ئه‌گه‌ر به‌ ساڵى رابردوو به‌راورد بكرێت، هه‌روه‌ها ئاره‌زوویه‌ك هه‌یه‌ بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ حكوومه‌ت.

 جگه‌ له‌ ناڕه‌زاییه‌كانى هه‌ندێك له‌ ده‌نگده‌رانى پارتى له‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ى ده‌نگدان كه‌ گاڵته‌یه‌ك بوو له‌ دوایین پاشماوه‌ى دیموكراسى توركیا بوو، كه‌چى له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنێكى بێگه‌رد به‌ڕێوه‌ بچێ و ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ئه‌وان بۆچوونى خۆیان له‌ ده‌نگدان بگۆڕن.

كاتێك بڕیارى دووباره‌كردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن درا، ئیمامئۆغڵو به‌ لایه‌نگرانى گوت "به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ مافه‌كانمان ده‌گێڕینه‌وه‌". ئه‌مه‌یش ستراتیجى ئه‌كره‌مه‌.

كاتێكیش بۆ دووه‌م جار هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى كرد گوتى "من حه‌زم له‌ له‌باوه‌شگرتنه‌" باوه‌ش به‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌ره‌نگارمان ده‌بنه‌وه‌، كه‌س ناتوانێ له‌ باوه‌شى ئێمه‌ رابكات.

ركابه‌ره‌كانى سه‌رۆك بۆنى دۆڕان ده‌كه‌ن
حكوومه‌ت به‌هه‌موو شێوازه‌كان هه‌وڵى دا ئیمامئۆغڵو پیس بكات، به‌ یۆنانى و تیرۆریستیان له‌ قه‌ڵه‌می بدا، به‌وه‌یان تۆمه‌تبار كرد لایه‌نگرى كوده‌تایه‌ و ئه‌مه‌ریكا دایناوه‌، ته‌نانه‌ت به‌وه‌ وه‌سفیان كرد گوایه‌ سه‌ر به‌ عه‌بدولفه‌تاح سیسى سه‌رۆكى "سته‌مكارى" میسڕه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌مانه‌ سه‌رى نه‌گرت.

 موردا یه‌تكین كه‌ نووسه‌رى پێشووى رۆژنامه‌ى حوریه‌ت ده‌یلى نیوز بوو، ئێسته‌ خاوه‌نى په‌یجێكه‌ به‌ ناوى "یه‌تكین راپۆرت، نووسیویه‌تى "ئه‌ردۆغان زۆر نیگه‌رانه‌". دواتر ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ توركه‌ ده‌ڵێ "ئه‌ردۆغان هه‌موو كارته‌كانى به‌كار ده‌هێنێ، ئه‌گه‌ر بدۆڕێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و وه‌ك سه‌رۆك ده‌مێنێته‌وه‌ و هاوپه‌یمانه‌كه‌ى به‌ زاڵبوو له‌ په‌رله‌مان ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی پێیان وایه‌ ئه‌مه‌ دۆڕانى سه‌ره‌تاى كۆتاییه‌كه‌یه‌تى".

 ركابه‌ره‌كانى سه‌رۆك له‌ ناو ئاكپارتى ده‌رده‌كه‌ون
ئه‌حمه‌د داودئۆغڵوى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى توركیا خۆى بۆ پێكهێنانى پارتێكى نوێ ئاماده‌ ده‌كات و وه‌زیرى ئابووری پێشووى توركیایش پاڵپشتى ده‌كات، دۆڕانى ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مڕۆ، ئه‌م دووله‌تبوونى ناو ئاكپارتى خێراتر ده‌كات.

كاتێك به‌یانییه‌كى زوو بارانى هاوین له‌ گه‌رووى بۆسفۆر ده‌بارى، خۆبه‌خشانى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ناره‌كان هه‌وڵیان ده‌دا دواین ده‌نگ گره‌نتى بكه‌ن.

ئینیس كاندیمیر قوتابى ده‌روونناسى كه‌ وێنه‌ى هاوڕێیه‌كانى ده‌گرت ئه‌وانیش ماسكێكى كاغه‌زیان پۆشیبوو كه‌ وێنه‌ى ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵو، ئینیس گوتى "ئه‌كره‌م له‌گه‌ڵ خه‌ڵك باشه‌، به‌ ئه‌رێنى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ هێرشى ده‌كه‌نه‌ سه‌ر، ئه‌و چه‌په‌ڵ نییه‌، توركیا پێویستى به‌ نموونه‌ى ئه‌وهایه‌".

 كه‌چى دیلبه‌ر جه‌كین كه‌ ژنى ماڵه‌ وێنه‌یه‌كى بناڵى به‌رز كردووه‌ته‌وه‌،  ده‌ڵێ "ئێمه‌ هه‌ژارین و ئه‌وان هاوكاریمان ده‌كه‌ن، ئێمه‌ به‌ توندى پاڵپشتى ئه‌وان ده‌كه‌ین و هه‌رگیز ناگۆڕێین". 

 ئه‌مه‌ ساتێكى گرنگه‌ بۆ به‌هێزترین سه‌رۆكى توركیا له‌ مێژووى هاوچه‌رخدا، بۆ ده‌وڵه‌تێك كه‌ زۆر به‌ قووڵى دابه‌ش بووه‌.

 یه‌كێك له‌ شه‌قام منى وه‌ستاند، كارگوزارێكى كافتیریان بوو، گوتى "به‌ بڕواى تۆ، له‌ هه‌ڵبژاردن چى روو ده‌دات؟".
 منیش گوتم "ئه‌سته‌مه‌ بزانین، ئه‌ى تۆ؟". كابرا وه‌ستا و گوتى "هه‌موو شتێك باش ده‌بێ"، ئه‌مه‌یشیان دروشمى ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵووه‌.

سه‌رچاوه‌ / BBC – مارك لوین

 
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل