پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێوان ناوچەی ئیمام وەیسی شارەدێی سەعدیەی سەر
بە خانەقین و شارۆكەی شارەبانی رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە جووتیارێك درایە بەر
دەستڕێژ و گیانی لەدەست دا.
ئەمڕۆ یەکشەم 23ی حوزەیران، عەلی حەیدەر ئەفسەری
هەواڵگری پۆلیسی دیالە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێوان
ناوچەكانی ئیمام وەیس و شارۆكەی شارەبان، تەرمی جووتیارێك کە دراوەتە بەر دەستڕێژ
دۆزرایەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، لەبەر ئەوەی تەرمەکە لەکاتی دۆزینەوەی لەلایەن
پۆلیسەوە هەر خوێنی لەبەر رۆیشتووە، دەردەکەوێت کە جووتیارەکە تازە کوژراوە و لەو
شوێنە تەرمەکەیان بەجێ هێشتووە.
عەلی حەیدەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تا ئێستایش کەسوکاری قوربانییەکە
دیار نین و هێزەکانی پۆلیس ناوچەکەیان گەمارۆ داوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ
تاوانەکە کراوەتەوە.
ئەو ئەفسەرەی هەواڵگری پۆلیسی دیالە دووپات لەوە دەکاتەوە، هەفتەی
رابردوو لە دیالە رووداوێکی هاوشێوە تۆمار کراوە و جووتیارێک لەلایەن چەکدارانی
نەناسراوەوە کوژراوە و تەرمەکەیان لە دەرەوەی ئاوەدانی بەجێ هێشتبوو.
گەرمیان/ سەبری هۆرێنی