پەرلەمانی عێراق یاسای بودجە هەموار دەكاتەوە

:: PM:04:22:23/06/2019 ‌
دوای شكستی حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی لە دۆسیەی وەكالەتەكان كە بەگوێرەی یاسای بودجە 30ی ئەم مانگە دوا مۆڵەت بوو بۆ گۆڕینیان و دانانی كەسانی تر لە جێیان. پەرلەمانتارێك ئاشكرای دەكات، هەوڵ هەیە بۆ هەمواری یاسای بودجە بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی ئەو دۆسیەیە تا كۆتایی ساڵ.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ی حوزەیران، فالح ئەلزیادی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسڕ ئاشكرای كرد، هەوڵێك هەیە بۆ هەمواركردنی یاسای بودجە بە تایبەت بڕگەی پێوەند بە دۆسیەی پلە تایبەتەكان، بەجۆرێك هەموارەكە كات بدات بە حكوومەت تا كۆتایی ساڵ ئەو دۆسیەیە یەكلا بكرێتەوە.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی نەسڕ ئاماژەی بەوە دا، وەك هاوپەیمانی نەسڕ دژی ئەوەین ئەو پۆستانە لەسەر بنەمای پشك پشكێنەی حزبی دابەش بكرێتەوە، بەڵام داواشمان كردووە ئەو دۆسیەیە بۆ كاتێك دوا بخرێت كە روانگەی دامەزراندنی دەوڵەتی دوور لە بنەمای پشك پشكێنە دەربكەوێت، گوتی "ویستێك لەناو پەرلەمان هەیە بۆ هەمواركردنەوەی كە تا كۆتایی ساڵ كات بە حكوومەت بدرێت بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پلە تایبەتەكان".

جێی باسە بەگوێرەی یاسای بودجە 30ی ئەم مانگە، دوا كاتە بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی پلە تایبەتەكان كە لە كۆتایی مانگی شوبات پەسند كراوە، بەڵام عەبدولمەهدی تا ئێستە شكستی هێناوە لە تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی، نەیتوانیوە دەست بۆ ئەو دۆسیەیە هەر ببات.

فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق