هه‌موو زانیارییه‌كی ته‌ندروستی له‌سه‌ر رێجیم

:: PM:04:41:10/01/2017 ‌

زۆرێك لە سەنتەرەكانی توێژینەوەی پزیشكی لە جیهان، لە ڕووی ڕووخسار و كێشەوە، ئەم سەدەیە ناو دەبەن بە سەدەی قەڵەویی، بەهۆی ئەو دیاردەیەی كە بووە بە گرفت و هەموو جیهانی گرتووەتەوە، بۆیە ڕێگە و هۆكارەكانی خۆ لاوازكردن، هەردەم پڕخوێنەرترین هەواڵی تەندروستین. بەڵام جاری وایە ئەو بەرنامەی خۆ لاوازكردنانەش بە كار دەهێنین و لاوازیش نابین.

ئایا تۆ یەكێكیت لەو كەسانەی كە بە ریجیمی خۆراك و مەشقی وەرزشی بەردەوام كێشی لەشت دانابەزێت؟ ئەگەر وابێت، ئەوا لەوانەیە كە هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆ گرفت لە گلاندی دەرەقیت بە شێوەی سستبوونی گلاندەكە.

ئەگەر لەپاش پشكنینەكان دەركەوت كە هیچ گرفتێكت نییە لە گلاندی دەرەقی، ئەو كاتە سەرەڕای ریجیم و مەشقی وەرزشی، پێڕەوی ئەم خاڵانە بكە: 

یەكەم، پەلە مەكە لە بەدەستهێنانی ئەنجام لە ماوەیەكی كەمدا. بیر لە پێشبینی ناڕاست  لەبارەی كێشی لەشت مەكەرەوە، ئەگەرچی كۆمەڵێك بەرنامەی ریجیم بەڵێنی بریقەدار دەدەن كە كێش لە ماوەیەكی كەمدا دادەبەزێنن، بەڵام ئەگەر واش بێت و بە خێرایی كێش دابەزێنیت، ئەوا زوو كێشت زیاد دەبێتەوە، چونكە ناتوانیت بۆ هەمیشە لەسەر هەر یەكێك لەم ریجیمانە بەردەوام بیت. 

دووەم، هەرگیز لە بەرامبەر قەڵەوی خۆت بەدەستەوە مەدە، بە تایبەتی كە پاش چەند رۆژێك لە ریجیم و مەشقی وەرزشی، هیچ دابەزاندێكی كێشت بەدی نەكرد، كات بە لەشت بدە تا خۆی بگونجێنێت بۆ شێوازە نوێیەكەی خۆراك و مەشقی وەرزشی، هەرگیز وا بە ئاسانی كۆڵ مەدە، ئەو هەموو چەورییەی لە لەشت كۆ بووەتەوە، بە ڕۆژێك و دوو ڕۆژ نەبووە، ئیتر چۆن چاوەڕێ دەكەی بە چەند ڕۆژێك بتوێتەوە؟

سێیەم، زوو زوو مەچووە سەر قەپان، لەجیاتی ئەوەی كە رۆژانە كێشی خۆت بەسەر بكەیتەوە، هەوڵ بدە كە هەفتانە یەك جار خۆت بكێشیت.

چوارەم، هەوڵ بدە ڕێژەی كالۆری ئەو خواردنانەی دەیخۆی بزانی چەندە، لە كاتی ئاسایی، پاشان بۆ ڕێجیم بزانە ڕێژەی كالۆرییەكەی دەكەی بە چەند. ئەگەر وەرزشت كرد، بزانی بەو ماوەیەی كە وەرزشەكەت كردووە، چەند كالۆریت سووتاندووە؟ ئەمانە بۆت دەردەخات كە ئایا بە ڕاستی پلانی خۆ لاوازكردنەكەت دروستە.

پێنجەم: هەرەم و هەرەمی پێچەوانە پەسەند بكە، ئەمە چییە؟ هەرەمی نانخواردنی ئاسایی ئەو كەسانەی قەڵەون، بەم شێوەیەیە، بەیانان یان نان ناخۆن، یان خواردنێكی زۆر كەم دەخۆن، نیوەڕوان بە تێری نان دەخۆن، ئێواران چونكە بە زۆری لەو ژەمەدا هەموو ئەندامانی خێزانیش لە ماڵەوەن، هەموو خواردنە چەور و پڕەكان بۆ ئەو ژەمە دادەنێن. تەنیا بە پێچەوانەی ئەم هەرەمە، واتە خواردنە چەور و پڕەكەت ببە بەیانی، خواردنە سووكەكەشت كە بریتی بێت لە زەڵاتە، میوە، زۆر خواردنەوەی ئاو، ببەرە ئێوارە، ئەوا لە زۆربەی گرفتەكانت ڕزگارت دەبێت.

سه‌رچاوه‌: دكتۆری


وشە - كوردۆ شابان